هەوڵەكانی بەرهەم ساڵح گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا دەباتە پێشەوە

کوردستان

11/08/2020‌ 2285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەستی بەچەند هەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدا لەسەر كێشەكانیان بگەنە رێككەوتن‌و بەقسەی سەرچاوەكیش هەوڵەكان گفتوگۆكانی بردووەتە پێشەوەو رەنگە بەم نزیكانە رێككەوتن بكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبەغدا بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، سەرۆك كۆمار لەم چەند رۆژەی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە زنجیرەیەك چاوپێكەوتنی لەگەڵ وەزیرەكانی حكومەتی عێراق كردووەو لەگەڵ مستەفا كازمیش بۆ هەمان مەبەست گفتوگۆی كردووە، تا چارەسەری كێشەكانی هەولێرو بەغدا بكرێت.

سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی: هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بەو ئاراستەیە هەولێرو بەغدا بگەنە رێككەوتنێكی باش‌و كۆنكرێتی، تارایەدەیەكیش گفتوگۆكان باش چووەتە پێشەوە، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ چەند سەركردەیەكی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كراوە. 

هەرچەندە تائێستا رێككەوتن نەكراوە و نەتوانراوە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتەواوەتی یەكلابكرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس نزیكبوونەوەیەكی زۆر لەئارادایە بۆ رێككەوتنەكە. 

شارپرێس لەو بارەوە پەیوەندی بە وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆمار حەسەن جیهاد كردو ناوبراو زانیارییەكانی پشتراستكردەوەو وتی: هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوامە تا هەرێم و بەغداد بگەنە رێككەوتنێكی باش‌و لەرێگەیەشەوە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ببێت. 

هەروەها وتیشی: كارەكارەكانی سەرۆك كۆمار كارئاسانی زۆری كردووە بۆ شاندی هەرێم تابتوانن بەرێككەوتن بگەن لەگەڵ بەغدا.

ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەست بەگفتوگۆ بكەنەوەو رێككەوتنی كۆتایی واژوو بكەن.

هـ ـ ح