نـەوتـی سـوریـا هـەر بـەدەسـتـی ئـەمـریـكـاوە دەمـێـنـێـتـەوە

مەلەفی تایبەت

12/08/2020‌ 1357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمیر موخین لە گۆڤاری "نیزافیسیمایا غازیتا" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ركابەریكردنی دۆڕاوی روسیا لەگەڵ ئەمریكا لە سوریا، لە ژێر سایەی قەڵەمڕەوی واشنتۆن و ئەنقەرە، كە زیاتر لە سێیەكی رووبەری ئەو وڵاتەو درامەتەكانی لەبەردەستیاندایە.

بەپێی راپۆرتەكە، پرۆسە سەربازییەكانی سوریا، كە روسیا رایگەیاندبوو لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە، بەڵام بەردەوامشە، هەروەها پشتیوانی تەواوەتی مۆسكۆش لەرژێمی بەشار ئەسەد نەبوە مایەی لە قاڵبدانی نەیارەكانی. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو هاوپەیمانیەتیەشی، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات بەسەر سێیەكی خاكی ئەو وڵاتەدا زاڵە، هەروەها توركیا بەسەر پارێزگای ئیدلبدا قەڵەمرەوی هەیە. 

ئەمریكا بەرهەمی نەوت لە سوریا رێكدەخات و ئەنقەرەش ناوچەكانی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆی لە باكووری ئەو وڵاتەدا بەڕێوە دەبات.

سەرۆكی ناوەندی روسی بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە شەڕكەرەكانی سوریا، ئەمیرال ئەلیكسەندەر شیربیتسك، باس لەوە دەكات گرژییەكان پەرەدەسێنن، لە باشووری ناوچەی كەم هەڵكشان لە ئیدلب و چەكدارەكان پێگەكانی سوپای سوریا بۆردومان دەكەن و هەوڵ دەدەن هێرش بكەنە سەر بنكەی حەمیمیمی ئاسمانی.

هەروەها دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی فورات باش نییە و هێزە كوردییەكانیش، كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن بەسەر ناوچەكەدا زاڵن، پێكدادانیش لە نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەكدارە تورك و عەرەبەكاندا هەیە، هەندێك جاریش لەگەڵ هێزە نیزامیەكانی سوریاشدا.

لەلایەكی ترەوە، ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی، دەستەی دەسەڵاتداری ناوچەی خۆبەڕێوەبەر لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندووە رێككەوتنێكیان لەگەڵ كۆمپانیای دەلتا كریسنت ئینیرجی ئەمریكی مۆر كردووە. 

لەبەرانبەردا كۆپانیاكە مافی پەرەدانی هەیە بە سێ بیری نەوت (رمیلان – تەل خەمیس- تەل بەراك)، و دروست كردنی پاڵاوگەیەك بۆ بەرهەمە نەوتیەكان لە بەرانبەر ١٥٠ ملیۆن دۆلاردا، ئەمەش ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆیە بەوەی مانەوەی ئەمریكا لە سوریا درێژ خایەن دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی مۆسكۆ و دیمەشق ئەمە رەتدەكەنەوە، بەڵام ناتوانن كاریگەرییان لەسەر دۆخەكە هەبێت بە هیچ شێوەیەك. سزا نوێیەكانی ئەمریكاش لەسەر دیمەشق دەبێتە هۆی ئاڵۆزتركردنی دۆخی ئابوری لەو ولاتەدا. 

لەراستیدا، دەتوانرێت بوترێت روسیا لە بەرانبەر ئەمریكا شكستیێكی ناڕاگەیەنراوی هێناوە لەبەدەستهێنانی ئامانجە جیۆسیاسی و ئابورییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا