نووسەرێكی نزیك لە ئەردۆغان لەبڵاوبوونەوەی دیاردەی بێباوەڕی و لابردنی سەرپۆش هۆشداری دەدات

جیهان

13/08/2020‌ 991 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
یوسف كاپلان، نووسەری نزیك لەرەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا دەڵێت: كچان و ژنانی توركیا بەشێوەیەكی فراوان ڕوویان لەكرانەوە كردووە و دەستبەرداری سەرپۆشەكانیان دەبن، كە ئەوەشی وەك زەنگی ئاگاداركردنەوە لەبارەی ئایندەوە لێكداوەتەوە.

كاپڵان لەمیانەی بابەتێكیدا، كە لە پێگەی "یەنی شەفەق"ی توركیدا بڵاویكردووەتەوە تیشكی خستووەتە سەر دیاردەی دەستبەرداربوونی ئافرەتانی توركیا لەسەرپۆش و لەوبارەیەوە دەڵێت: سیستەمی پەروەردەییمان لەلایەكەوە كار لەسەر ڕۆشنكردنەوەی مێشكی منداڵەكانمان دەكات، لەلایەكی تریشەوە شەپۆلێكی فراوانی بێدینی بڵاودەكاتەوە، كە زۆر لە پێشبینییەكانی ئێمە خێراترە و پرسێكی زۆر مەترسیدارە.

نووسەرەكەی نزیك لە ئەردۆغان دەشڵێت: پێشتر كێشەیەكی شاراوەمان هەبوو، كە ئەویش ئەوە بوو بەشێك لە ئافرەتان دەستبەرداری سەرپۆشەكانیان دەبوون، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە وەك مۆدێلی لێهاتووە، پێشتر دەمانوت لە ململانێی سەرپۆشكردن سەركەوتین، بەڵام خودی سەرپۆشینمان دۆڕاند، قەدەغەمان لەسەر سەرپۆشكردن لابرد، بەڵام واخەریكە سەرپۆشكردن نامێنێت.

كاپڵان ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە راستە ناكرێت لەسەر بنەمای جلوبەرگ بڕیار لەسەر خەڵك بدرێت و بۆ مسوڵمان شیاو نییە لەسەر بنەمای پۆشاك مامەڵە لەگەڵ خەڵكدا بكات، لەوەدا خەڵك دەبێت ئازاد بێت، بەڵام لێرەدا پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری هەیە، كە لەبارەی ئایندەی سەرپۆشكردنەوە لەتوركیا وەك زەنگی ئاگاداركردنەوە وایە.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی