روسیا تەكنەلۆژیای ئاشراكردنی فرۆكەی "F-35"ی داوەتە ئێران

لە میدیاکانەوە

06/09/2020‌ 1528 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی "تاس"ی روسی، ئێران كەلوپەل و راداری ئەوتۆی لەروسیاوە بەدەستگەیشتووە، كە دەتوانن فڕۆكەی  "F-35"ی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئاشكرا بكەن.

ئاژانسە روسییەكە باسی لەوەش كردووە، روسیا راداری  " Resonance"ی بە ئێران فرۆشتووە، كە گوایە لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا سەركەوتوو بووە لە ئاشكراكردنی فرۆكەی F-35 ی ئەمەریكی لەنزیك سنوورەكانی ئێران.

ئەلێكساندەر تسوشیلین، یاریدەدەری سەرۆكی دامەزراوەی لێكۆڵینەوەی Resonance بە ئاژانسی "ئینتەرتاس"ی راگەیاندووە، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا ، ئێران فرۆكەیەكی شەبەحی ئەمەریكی ئاشكرا كردووە، كە لەنەوەی پێنجەمی فرۆكە جەنگییەكانە .

لای خۆیەوە رادیۆ فەردای ئێرانی بەرهەڵستكار، باسی لەوە كردووە لێدوانی بەرپرسانی روسیا بەوەی ئێران ئەو توانا رادارییە پێشكەوتووەی هەیە، پێچەوانە دەوەستێتەوە لەگەڵ لاوازی سیستەمی راداری سوپای پاسدارانی ئێران كە لەسەرەتای ساڵی نوێدا لەنزیك تاران بەهەڵە فرۆكەیەكی مەدەنی ئۆكرانی خستە خوارەوە.

رادیۆكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو لێدوانانەی لەبارەی هەماهەنگی راداری لەنێوان روسیا و ئێران دەكرێت ، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ درێژكردنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی قەدەغەی چەكە كلاسیكییەكان بۆسەر ئێران.

ماوەیەك لەمەوبەر، ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ئێران باسی لەوە كردبوو كە مۆسكۆ و تاران لەبارەی هەماهەنگی تەكنەلۆژیای بەرگری هاوچەرخ گفتوگۆیان لەنێواندا هەیە.

سەبارەت بە راداری Resonance ، راپۆرتەكەی ئاژانسە رووسییەكە دەڵێت ئامانج لێی ئاگاداركردنەوەی خێرایە لە نزیكبوونەوەی هەر فرۆكەیەكی شەبەحی یان مووشەكی كرووزی شەبەحی لەمەوادای رادارەكەدا . 

بەپێی رپۆرتەكە ، جگە لە روسیا وەك  وڵاتی درووستكەر ، هەریەك لە جەزائیر و میسر و ئێران خاوەنی ئەو جۆرە سیستەمە رادارییەن ، پێشتریش گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمەریكی باسی لەوە كردبوو كە ماوەی ساڵێك دەبێت رادارەكە هەموو بواری ئاسمانی ئێران دەپارێزێت .

تسوشیلیلن بانگەشەی ئەوەی كردووە كە رادارەكە لە ئێران سەركەوتوو بووە كە ئاشكراكردنی فرۆكەی F-35 ، بەڵام لایەنی ئێرانی بڕیاری نەداوە فرۆكەكە بخاتە خوارەوە كە رەنگە سەریكێشابوایە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورە . 

بەڵام راپۆرتەكەی "ناشیۆناڵ ئینترێست" باسی لەوە كردووە كە رادارە رووسی و ئێرانییەكە كە ئێستا لە سوریایە نەیتوانیوە هیچ فرۆكەیەكی شەبەحی F-35 ئاشكرا بكات كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی ئاسمانی لەناو خاكی سوریادا ئەنجام دەدات . 

بەپێی گۆڤارە ئەمەریكییەكە، رەنگە ئەوە ئاماژەبێت بۆئەوەی كە سیستەمی راداری "رزونانس"ی رووست لاوازە لە رووماڵكردنی هەموو ئاسمانی سوریا.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی