كار بۆ جێگیركرنی پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق دەكرێت

کوردستان

10/09/2020‌ 6559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكانی نێوان ھەردوو شاندی حكومەتی هەولێرو بەغدا بەردەوامەو كار بۆ جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستانیش لەبودجەی گشتی عێراق دەكرێت.

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەردانی شاندی ھەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی، ئەرێنی بوون و ھەرێمی كوردستانیش داواكارییەكانی بەپێی دەستوور بووە، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن.

فەتاح راشیگەیاند، ھەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ھەموو خاڵەكان كردووە، كە سەرەكین، بە تایبەت پرسی رادەستكردنی نەوت لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگیركردنی بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا.

زاگرۆس فەتاح، كە ئەندامی شاندی هەرێم بوو بۆ بەغدا ئەوەشی راگەیاند، ئامادەكاری بۆ دانانی ستراتیژییەتی بودجەی سێ ساڵی داھاتوو دەكرێت و ھەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو كێشە و ناكۆكیانەی ھەن، چارەسەر بكرێن، تا شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی داھاتووی عێراق جێگیر بكرێن.

رۆژانی سێ‌ شەممەو چوار شەممەی ئەم هەفتە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردو بۆ چارەسەری كێشەكان گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی عێراقی كردو بڕیارە گفتوگۆكانیش بەردەوامی هەبێت.