سه‌عید پشده‌رى: وه‌كو پارتى، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم له‌لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتین، به‌ڵام له‌سلێمانى بێده‌سه‌ڵاتین

کوردستان

20/09/2020‌ 652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌پارێزگاى سلێمانى، پێشبینى كه‌مبونه‌وه‌ى ژماره‌ى كورسیه‌كانى كورد له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "نه‌مانتوانیوه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ئیداره‌یه‌كى سه‌رتاسه‌رى دروستبكه‌ین"، ده‌شڵێت:" وه‌كو پارتى، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم له‌لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتین، به‌ڵام له‌سلێمانى بێده‌سه‌ڵاتین".

سه‌عید پشده‌رى بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان له‌دیدارێكى تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ شارپرێس ڕاگه‌یاند، "بەداخەوە تائێستا نەمانتوانیوە ئیدارەیەکی سەرتاسەری له‌هه‌رێمى كوردستان دروستبکەین، ناشتوانین بڵێین دوو ئیدارەیی کۆتاییهاتوە".

سه‌باره‌ت بەجێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم لەپارێزگی سلێمانی بەرپرسەکەی پارتی وتی:"بەداخەوە هیچ بڕیارێکی حکومەت لەسلێمانی وەک خۆی جێبەجێناکرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کێشە قوڵەی کە لە شەڕی ناوخۆوە تائێستا درێژبۆته‌وه‌".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا پشده‌رى باسى كێشه‌كانى نێوان خۆیان و یەکێتی نیشتیمانى كوردستانى كردو وتى:"لە16ى ئۆکتۆبەر دۆخێک دروستبوو، زامێک سەریهەڵدا کە سارێژنەبوەو سارێژبونیشى ئاسان نییه‌، هەرئەوەشە وایکردوە کە ئێمەو یەکێتی نەتوانین کۆبینەوەو پەیوەندەیەکانمان ئاسایی بێتەوە".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێشبینى خۆى خسته‌ڕوو بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌بڕواى ئه‌و، "بەدڵنیاییه‌وه‌ کورسیەکانی کورد کەمدەکات و کورد زیان دەکات له‌و هەڵبژاردنەدا، بۆیه‌ پێویستە هەموو پێکەوەو بەیەک دەنگ کاربکەین بۆ ئەوەی پێگەی کورد بپارێزین".

ئەو بەرپرسەى پارتى ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌ى وت:"هیچ هێزێك تائێستا له‌هه‌رێمى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ مومامه‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆن بونى خۆى بكات".

ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه‌، "به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتمانیه‌كانه‌وه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌كادیرانى پارتى و پشتگوێخستنیان له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یانه‌وه‌، به‌رپرسى لقى چوارى ئه‌و حزبه‌ له‌سلێمانى وتى:"پارتیه‌كانى سلێمانى دڵسۆزترینه‌كانن، به‌ڵام مه‌غدورترینه‌كانیشن، ئێمه‌ مۆدێلێكى سه‌یرمان هه‌یه‌ وه‌كو پارتى، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم له‌لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتین، به‌ڵام له‌سلێمانى بێده‌سه‌ڵاتین كه‌ ئه‌وه‌ش بۆ شه‌ڕى نه‌گریسى ناوخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".