بۆچى بارزانى‌و تاڵه‌بانى ڕازینه‌بون به‌پڕۆژه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كوردستان؟

ڕاپۆرت

12/10/2020‌ 5762 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ستیڤان دیمستۆرا سیاسی‌و دیپلۆماتکارێکی بەڕەگەز (ئیتاڵی ـ سویدی)ەو یەکێکە لەدیپلۆماتکارە لێهاتوەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەژیانی کارکردنیدا چەندینجار بەنوێنەرایەتی ئەو ڕێکخراوە ڕۆڵی هەبوە لەجێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی پێی سپێردراوەو زۆر دۆسیەی گرنگی لەوڵاتان وەرگرتوەو یەکلایکردۆتەوە.

یەکێک لەو کەیسانەی کە چارەسەرکردنی سپێردرا بەدیمستۆرا، دۆسیەی عێراقی دوای ٢٠٠٣و بەتایبەت چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بوو.

ئەو یەکێک بووە لەدۆستەکانی کوردو ئاگاداری ئازارو مەینەتیەکانی بوەو زۆرجار کێشەکانی کوردی لەمەحفەلە دیپلۆماتیەکان باسکردوەو هەوڵی چارەسەریداوە، بەڵام کەم یا زۆر ئەم کەسایەتیە بەکۆمەڵگەی کوردی نەناسێندراوەو باسینەکراوەو هەڵوێستەکانی وەک پێوست دیارنین.

لەدوای پرۆسەى ئازادیی عێراقەوە دیمستۆرا بەهەگبەیەکی پڕو پڕۆژەیەکی جددیەوە چەندینجار لەهەولێرو بەغدا لەگەڵ تاڵەبانی‌و بارزانی‌و گەورە بەرپرسانی هەرێم کۆبۆتەوەو هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردیداوە بەتایبەت لەناوچە جێناکۆکەکان.

دیمستۆرا یەکەمجار پڕۆژەکەی خستە بەردەم جەلال تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی، ئەگەر ئەوان ڕەزامەندییان لەسەر بدایەو دەستبکرایە بەجێبەجێکردنی خاڵ‌و بەندەکانی، بڕیاربوو لەماوەی دوو ساڵداو لە(٢٠٠٥ تا ٢٠٠٧) پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت.

نوێنەرەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان زۆر بەلایەوە گرنگبوو کە پڕۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەو چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کورد لەو ناوچانە بدۆزرێتەوە، بەڵام وەک چاودێران‌و کەسانی بەئاگا لەپڕۆژەکە دەڵین، سەکردەکانی کوردو بەتایبەت مەسعود بازرانی سەرۆکی پێشوی هەرێم، ئامادەنەبوو پڕۆژەکە جێبەجێبکرێت‌و دواتر مام جەلالیش پشتیوانی لەڕاکەی بارزانی کردوە هەرچەند هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ دکتۆر مەحمود عوسمان زۆر دڵخۆشبون بەپڕۆژەکەو پشتیوانی تەواویان دەکرد، بەڵام نازانرێت بۆچی دواتر ئەوانیش هاتنەسەر قسەی بارزانی‌و پڕۆژەکەیان ڕادەستی دیمستۆرا کردەوەو پێی ڕازینەبون.

پڕۆژەکە پێکهاتبوو لەچەند قۆناغێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکان‌و خۆی لەچەند هەنگاوێکدا دەبینییەوە، سەرەتا دەبوو ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانی لە ٨٠٪  زیاتر کوردن  بگەڕێنەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ مەرجێک، بۆ نمونە شارۆچکەی ئاکرێ بگەڕێتەوە بۆ سەر پارێزگای دهۆک‌و شارۆچکەی مەخمور بۆ سەر پارێزگای هەولێر، لەکاتێکدا کە ئیدارەی ئەم دوو شارۆچکەیە لەسەر پارێزگای موسڵ بوو.

هەموو ئەو ناوچانەی کە کەمە نەتەوەییەکان تێیدا زۆرینەن، بەسێ قۆناغ چارەنوسیان دیاریبکرێت کە هەمان ئەو قۆناغانە بون کە لەمادەی ٥٨ی دەستوری کاتی ئەنجومەنی حوکم‌و مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراقدا هاتوە کە بەمجۆرەیە:

سەرەتا لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی نەتەوەیەکگرتوەکان سەرژمێرییەکی وردو دروست ئەنجامبدرێت‌و دواتر بارودۆخی ئەو ناوچانە لەڕوی ئەمنی‌و سەربازییەوە ئاسایی بکرێتەوەو لایەنی کوردی هەوڵی تەواو بدات بۆ دروستکردنی متمانەی هاوڵاتیانی ناوچەکە بۆ ئەوەی لەقۆناغەکانی داهاتودا هاوڵاتیانی ناوچەکان کوردیان وەک فەرمانڕەوا قبوڵ بێت.

لەقۆناغی دواتردا ڕاپرسیەکی دروست‌و تەواو ورد لەژێر چاودێریی نەتەوەیەکگرتوەکان بکرێت‌و خەڵکی ناوچەکە چارەنوسی خۆیان دیاریبکەن‌و هەمولایەنەکان پابەنددەبن بەقبوڵکردنی ئەنجامەکەی.

سەبارەت بەدۆخی کەرکوکیش، لەپڕۆژەکەی دیمستۆرادا بەجۆرێک چارەسەری بۆ دۆزرابویەوە مادام کێشەیەکی لەمێژینەی نێوان هەرێم‌و ناوەندە، دەبێت کەرکوک بکرێتە هەرێمیكی سەربەخۆو مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵ بکرێت تائەوکاتەی هەرسێ مەرجەکەی پێشوو ئەنجامدەدرێ‌و لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوه‌کان پرۆسەی دەنگدان تێیدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام تائەوکاتە هیچ لایەنێک چ هەرێم یا ناوەند بۆی نییە خەڵک بنێرێت بۆ ئەوشارە جگە لەوانەی کە خاوەنی دۆکیۆمێنتى یەکلاکەرەوەن کە دەیسەلمێنێت خەڵکی کەرکوکن.

ستیڤان دیمستۆرا بۆ بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەکەی چەندین تیمی تایبەتی ئامادەکردبوو خۆیی‌و تیمەکانی چەندینجار سەردانی ئەو ناوچانەیان کردبوو، پرس‌و ڕای خۆیان کردبوو لەسەر ئەو ناوچانەو چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەرەکانیش تاووتوێکرابون‌و پلانێکی چڕو پتەوی بۆ جێبەجێکردنی ئامادەکردبوو.

پڕۆژەکه‌ جێبەجێنەکراو دیمستۆرا بەدەستی بەتاڵەوە لەعێراق گەڕایەوە نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشکرد کە سەرانی کورد ڕازینابن بەچارەسەرکردنی کێشەکانیان‌و پێدەچێت خۆیان چارەسەری گونجاوتریان هەبێت بۆ دۆخەکە، بەڵام پێچەوانەی ڕاپۆرتەکەی دیمستۆرا دوای ١٥ ساڵ هێشتا کێشەکان چارەسەرنەکراون‌و دۆخەکە خراپتر بوەو ئێستا هەموو ئەو ناوچانەی کە پڕۆژەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیتوانی ناسنامەی کوردبون بکاتە ملیان، هیچکامیان لەژێر فەرمانڕه‌وایی ئیداریی‌و سەربازیی کوردانین‌و بگرە کورد وەک میوانیش سەیر ناکرێت لەو ناوچانە.

بەپێى زانیارییەکان، د.مەحمود عوسمان چەندینجار ڕێگەی نێوان هەولێرو پیرمام‌و بەغدای بڕیوە بۆ ئەوەی بارزانی‌و تاڵەبانی ڕازیبکات بۆ پڕۆژەکە، بەڵام نەیتوانیوە بڕوایان پێبهێنێت کە دیمستۆرا نیەتی باشە لەگەڵ کورد.

تائێستاش دیارنییە بۆچی‌و لەپێناو چیدا پڕۆژەکە قبوڵنەکرا؟ لەکاتێکدا پڕۆژەکە بەشێکی زۆری کێشەکانی چارەسەردەکردو لەهەموی گرنگترئەوەبوو کە گەرەنتیەکی پتەوی هەبوو لەنەتەوەیەکگرتوەکان‌و وڵاتانی بەشدار لەپرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی بەعس ڕەزامەندیان دەڕبڕیبوو لەپشتگیریکردنی بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بەژمارە هەزارو 770 لەساڵی ٢٠٠٧ کە تیایدا باس لەچارەسەرکردنی کێشەکان‌و بونیادنانی دەوڵەتی تەندروست بۆ هەموو خەڵکانی عێراق دەکات، ئەم پڕۆژەیە وەک خاڵێکی گرنگی سەقامگیریی دەوڵەتی عێراق هەژماردەکرا.

ئێستاو دوای 15 ساڵ دەبێت بپرسین چیبوو وایکرد سەرانی کورد ڕازینەبن بەپڕۆژەکە، ئەگەر ئەو پڕۆژەیان قبوڵنەبوو، پڕۆژەی جێگرەوەیان چییبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە؟