شارپرێس:
یەكشەممەی ڕابردوو، عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هێرشێكی توندی كردەسەر شەوقی عەلامی موفتی میسرو پێی وت:"تۆ موفتی دەسەڵاتدارانی، ئێمە پێشئەوەی پێویستیمان بەفەتوا بێت، پێویستیمانە بەخواپەرستییە".
ئەم قسانەی قەرەداغی، هۆكارەكەی بۆ لێدوانەكانی ئەمدوایەی موفتی میسر دهگهڕێتهوه كە وتبوی:"50% هەردوو نەوەی دوەمو سێیەمی موسڵمانان لەئەوروپا ئەندامی داعشن، ئێمە پاساو بۆ تاوانەكانیان ناهێنینەوە بەڵكو شەرمەزرییان دەكەین، چونكە لەگەڵ ڕۆحی ئیسلامدا نایەتەوە، نابێت كردەوەی تاوانكاری چەند موسڵمانێك بكرێتە پێودانگو حوكمی پێ لەسەر ئیسلام بدرێتو زیانیش بەموسڵمانان بگات".
قەرەداغی لەو هێرشەیدا بۆسەر عەلام، سودی لەو مشتومڕەو شەڕەقسە سیاسییانە وەرگرتوە كە لەنێوان ئەردۆغانو سیسیدا ڕویانداوە.
قەرەداغی كە سەركردەیەكی باڵای ڕێكخراوی جیهانی ئیخوان موسلمینە، قسەكانی موفتی میسری قۆزتنەوە بۆ هێرشكردنەسەر ڕژێمی سیاسی میسری، وتی:"سیاسەتی دامەزراوە سیاسییەكانی میسر بەرجەستەی سیاسەتی دامەزراوە ئاینییەكانییەتی، لەمیسر سەروەری یاسا نییەو دەسەڵاتەكەشی عەسكەرتارە، ئەو ڕژێمە خزمەت بەسیسی دەكاتو پرسێكی ئەووتۆی نەماوە بەرگری لێبكات".
قەرەداغی بەئەنقەست ناوەڕۆكی قسەكانی موفتی میسری فەرامۆشكردن، ئامانجەكەشی هێرشكردنەسەر قاهیرە بوو، ئەوەی لەبیرنەبوو كە سەنتەری توێژینەوە ئیسلامییەكانی سەر بەدەزگای ئەزهەر ناڕەزاییان بەرامبەر قسەكانی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا دەربڕیوە سەبارەت بەپرسی جوداخوازی ئیسلامیو هەمان هەڵوێستی عەلی قەرەداغیان هەبوو.
قەرەداغی ناوەڕۆكی هەڵوێستی ئەزهەری فەرامۆشكرد، قسەكانی موفتی میسری كردنە پاساو بۆ هێرشكردنەسەر ماكڕۆن، ئەو گوێی بەكاكڵەو ناوەڕۆكی قسەكانی موفتی میسر نەدا، گوێی بەوەش نەدا كە قسەكانی تا چ ڕادەیەك زیان بەكۆمەڵگهی موسڵمانان دەگەیەنێت.
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان ڕاپۆرتێكی كۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەمریكی(Soufan) كردە بەڵگە بۆ قسەكانی، كرۆكی ڕاپۆرتەكەش دەڵێت:"ڕوسیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە زۆرترین لەهاوڵاتییانی چونە ناو ڕیزەكانی داعش لەسوریاو عێراق، دوای ئەویش بەپلەبەندی هەریەك لە(سعودیە، ئوردن، تونسو فەرەنسا) دێن.
موفتی میسر داوایكردبوو، توێژینەوەی زیاتر لەسەر چونە ڕیزەكانی داعش بكرێت، ئهوهش لهكاتێكدایه لەساڵی 2016 لێكۆڵینەوەیەك ئەوەی ئاشكراكردبوو، ژمارەی ئەوروپییەكان لەڕیزەكانی داعشدا بەرەو هەڵكشانە، بەڕادەیەك نزیكەی 50% نەوەی دوەمو سێیەمی موسڵمانانی ئەوروپا چونەته ڕیزەكانی داعشەوە.
موفتی میسر وتویهتى:"كەموكوڕیهكه لەدەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەدایە كە موسڵمانانی لێ دەژین لەوەی بەخراپی مامەڵە لەگەڵ پرسی موسڵماناندا دەكەن، بۆیە دەبێت لەوبارەوە هەڵوێستەیەك بكرێتو ئەو پرسە تاووتوێبكرێت".
موفتی میسر ئاماژهى بهوهشكردوه، لێكۆڵینەوەكە وهڵامی ئەو پرسیارانەی داونەتهوەو بۆی دەركەوتوە كە سەنتەرە ئیسلامییەكانی دەرەوەی وڵاتو بەرپرسەكانیان لەڕوی ڕاهێنانو ئامادەكردنو ئەو بابەتە زانستییانەی تیایدا دەخوێندرێن، پێویستیان بەوەیە چاوێك بەكارەكانیاندا بخشێندرێتەوە.
چاودێران پێیانوایە، پاڵنەری هێرشەكەی قەرەداغی بۆ سەر موفتی میسر ئەوەیە كە قەرەداغی كوێرانە بەرگری لەڕژێمەكەی توركیاو گروپی ئیخوان موسلمین دەكات، هەمیشە تۆمەتی ئەوە دەدرێتەپاڵ ئەنكەرە كە لەدیارترین ئەو دەوڵەتانەیە كە تیرۆریستەكانی ناوچەكەی لەئامێزگرتونو كاروباریان بۆ ئاساندەكات لەوەی بەئاسانی بگەنە وڵاتە ئەوروپییەكان.
ئیخوانەكانیش لەچالاكترین گروپو كۆمەڵەكانی ئەوروپان، لەڕێگەی ئەو مزگەوتو سەندیكایانەی بەڕێوەیان دەبەن، ڕۆڵێكی كاریگەر دەگێڕنو كەلتوری گۆشەگیرییو جوداخوازی ئیسلامیان برەوپێداوە كە ماكرۆن هۆشداری لەبارەوەداوە، واش چاوەڕواندەكرێت لەماوەی ئایندەدا فەڕەنسا كۆششی گەورە بكات بۆ بەرەنگاربونەوەی دیاردەی گۆشەگیریو جواداخوازی ئیسلامی لەوڵاتەكەیدا.
قەرەداغی ئەو هەلەی قۆزتەوەو ویستی سەركەوتنێك بەسەر موفتی میسردا تۆماربكات، بۆیە لەقسەكانیدا خۆی لەجەوهەری پرسە سەرەكییەكە دزیەوە كە لەئێستادا ئەوروپا گلەییو گازندەی لەبارەوە دەكات، قەرەداغی گەرەكی بوو توركیاو ئیخوان لەو تۆمەتانە بێبەری بكات.
ئەحمەد سوڵتانی توێژەری كاروباری تیرۆری نێودەوڵەتی جەختی لەوەكردۆتەوە، مەبەستی قسەكانی موفتی میسر ئەوەبوە كە نەوەی دوەمو سێیەمی موسڵمانانی ئەوروپا باوەڕیان بەهزری داعش هەیە، نەیوتوە ئەندامی داعشن، ئەوان هزری داعشیان كردۆتە میكانیزمێكی نمونەیی لەپیادەكردنی ئیسلامی هاوچەرخدا.
سوڵتان ئەوەشی وتوه:"ئیخوانەكان لەوڵاتانی ئەوروپا سەركردایەتی تۆڕەكانی ئیسلامی سیاسی دەكەن، ئەو گەنجانەی هیچ لەئیسلام نازاننو لەو ڕوەوە بۆشایی ئاینییان هەیە بۆ لای خۆیانیان ڕادەكێشن، دەیانەوێت باوەڕیان پێێنن كە دەیانگێڕنەوە سەر ڕێچكەی ئیسلامی ڕاستەقینە، ئەوان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ڕیكلام بۆ هزری داعش دەكەن، موفتی میسریش لەسەر ئەو بنەمایە قسەكانی خۆی كردوە، چونكە موفتی میسر ئیخوانەكان وەك سەرچاوەیەكی تیرۆ لەقەڵەمدەدات كە نزمی ئاستی هۆشیاری گەنجە موسڵمانەكانی ئەوروپا بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان دەقۆزنەوەو كێشیان دەكەنە ناو ڕیزەكانییانەوە".
وەرگێرانی: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ئەحوال توركیا
