هەرزەکارێکی ئەمریکی بەبونی درێژترین قاچ دوو ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت

هەمەڕەنگ

13/10/2020‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماسی کۆرینی تەمەن ١٧ ساڵ هەرزەکارێکی ئەمریکییە، توانیویەتی دوو ژمارەی پێوانەیی گینیس بشکێنێت کە ئەوانیش خاوەنی درێژترین قاچ‌و کچە هەرزەکاری خاوەن درێژترین قاچ.

بەگوێرەی تۆڕی "سی ئێن ئێن "ی ئەمریکی، قاچەکانی کۆرین نزیکەی لەسەدا ٦٠ی درێژی جەستەی پێکدەهێنێت، بەشێوەیەک قاچی چەپی ١٣٤،٦ سانتیمەترەو قاچی ڕاستیشی کەمێک کورتترەو درێژییەکەی دەگاتە ١٣٤،١ سانتیمەتر.

دایکی کۆرین لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە ئەنسکلۆپیدیای گینیس  بۆ ژمارە پێوانەییەکان لەکەناڵی تایبەتی خۆی لەپێگەی "تویتەر" بڵاویکردۆتەوە دەڵێت:"هەر زوو هەستیکردوە کە قەدو قیافەی کچەکەی بەراورد بەهاوتەمەنەکانی درێژترە، پێشیوایە کە ناڕێکییەکی جینی هەیە وای لەکچەکەی کردووە ئەو هەموو باڵا درێژەی هەبێت".

هەرچی کۆرینە دەڵێت:"ئێستا ئەو زۆر گوێ بەقسەو قسەڵۆکانە نادات کە لەبارەی قاچەکانی ئەوەوە دەکرێن، هیوادارام باڵا بەرزەکان لەجیاتی شەرمکردن وەک دیارییەک سەیری ئەو خەسڵەتەیان بکەن‌و بەو دۆخەیان رازیی بن".

لەئێستا کۆرین لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاتێکی زۆر بەقسەکردن لەگەڵ باڵا بەرزەکاندا بەسەردەبات، بەشێوەیەک ١،٧ ملیۆن فۆڵۆوەری لەتیکتۆک هەیەو ٥٠ هەزار فۆلۆوەریش لەئینستاگرام، لەگەڵیاندا باس لەبابەتەکانی پەیوەست بەمتمانە بەخۆبون دەکەن بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شکڵ‌و شێوەو قەدو قیافەمان چۆنە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی