وردەکاریی هەوڵەکانی ریاڵ مەدرید بۆ ڕاکیشانی میسی بۆ ڕیزی یانەکە

وەرزش

17/10/2020‌ 210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دووکەس نابینی لەسەر ئەوە ناکۆکبن کە لیۆنێل میسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەتەنها سەرکردەو گۆڵکاری مێژویی یانەی بەرشەلۆنە نییە، بەڵکو ڕەمزێکی پرشنگداری یانەکەیە لەوەتەی ڕۆناڵدینیۆی بەرازیلی لەساڵی ٢٠٠٨ یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە .

ڕەمزەکەی یانە کەتەلۆنییەکە لەساڵی ٢٠١٣وە ئۆفەرێکی لەلایەن ڕیاڵ مەدریدەوە پێشکەشکراوە بۆئەوەی بیهێننە ناو ریزی یانەکەیانەوە، چونکە خەونی فلۆرەنتینۆ پێرز بوو کە میسی بەدرێسی یانە شاهانەییەکەی پایتەختەوە ببینێت .

بەقسەی جانلۆکا دی مارزیۆی ڕۆژنامەنوسی ئیتاڵی، گرێبەستەکە ماوەیەک بەر لەو باڵادەستییەی ڕیاڵ بوە بەسەر ئەوروپا، هاوکات یانەی بەرشەلۆنە لەو ماوەیەدا لەپاشەکشێدا بوو لەڕکابەرییە کیشوەرییەکاندا .

جانلۆکا دەڵێت:"پێرێز گرێبەستێکی 250 ملیۆنی یۆرۆیی پێشکەشی میسی کردبوو، ئەوەش لەو پارەیەی کە تەرخانکرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای یانەکەیان، بەڵام میسی بەخێرایی وەڵامی دانەوەو وتی: نایەمە ڕیاڵ مەدرید، کاتی خۆتان بەفیڕۆ مەدەن".

ساڵی 2018 "فوتبۆل لیکس" ئەو زانیاریانەی بڵاوکردبۆوە ، لێ جانلۆکاش دوپات‌و پشتڕاستی ئەو زانیارییانەی کردەوە.

لەڕاستیشدا ڕیاڵ مەدرید تەنها یانە نییە کە هەوڵی گواستنەوەی میسی دابێت، بەڵکو هەریەکە لەیانەکانی ئینتەرمیلان، پاریس سانجێرمان‌و مانچستەرسیتیش هەوڵی گواستنەوەی "میسی"یانداوە، لێ میسی لەبەر خۆشەویستی بۆ یانە کەتەلۆنیێەکە هەمیشە وەڵامی نەخێری پێداون.

لەئێستاشدا کە گرێبەستی میسی لەتەوابووندایەو لەمانگی شەشی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، میسی دەتوانێت بێ بەرامبەر ڕوبکاتە ئەو یانەیەی کە ئارەزووی لێدەکات، هەموان چاوەڕێی وێستگەی داهاتووی "میسی"ن، کە ئایا لەبەرشەلۆنە دەمێنێتەوە تا کۆتایی ژیانی پیشەگەرییەکەی یان ڕوودەکاتە مانچستەرسیتی کە نزیکترین یانەیە لێوەی.

ئامادەکردن: شەماڵ سۆفیانی