كۆرۆناو سلێمانی‌و لێپرسراوێتی!

ڤیدێۆ

21/10/2020‌ 466 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کوردستان ـ سلێمانی

ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆرە کە ژمارەی مردن لەکوردستان بەگشتی‌و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لەهەمو شارو پارێزگاکانی تری عێراق زیاترە، تەنها لەیەک ڕۆژدا (دوشەممە ١٩/١٠) ٢٦ هاوڵاتی لەکوردستان بەهۆی كۆرۆناوە کۆچی دواییان کردوە، زیاتر لەنیوەی (١٦)یان لەپارێزگای سلێمانی بوە، بێگومان ئەمە ئاماری ڕەسمی دەزگای تەندروستیە، ئاماری مردنی ڕاستەقینە زۆر زیاترە، بەتایبەتی ئەوانەی کە ناچنە نەخۆشخانەو نایانەوێت ناویان بهێنرێت، ئەگەر ڕۆژانە سەیرێکی (فەیسبوک) بکەیت، کە چەند کەس لەیەک ڕۆژدا کۆچی دوایی کردوە، ئەوا ژمارەکە دەردەکەوێت، ئەمە لەکاتێکدا کە لێپرسراوانی تەندروستی سلێمانی دەڵێن:"بەهۆی نەبونی ئامێری چاودێری چڕەوە نەخۆشەکان گیانلەدەستدەدەن، ئەگەر ئەو ئامێرانە هەبونایە،  هه‌شت نەخۆش لەمردن ڕزگاردەبون، لەهەموو شاری سلێمانیدا تەنها ١٠ ئامێری چاودێری چڕ هەیە".

ئەم وێنەی لێشاوی مردنە لایەکی تاریکی شارە، بەڵام لاکەی تری، ئەوەیە کە وێنەی ناوبازاڕو چێشتخانە، قاوەخانە، شوێنە گشتیەکان دەبینی، هیچ هەستناکەیت کە پەتای كۆرۆنا لەم ناوچەیە هەیە، یاخود لەشەقام‌و کۆڵانەکەی خۆتاندا هیچ کەس هەبێت گیانی لەدەستدابێت.

کێ بەرپرسە:
بێگومان هەریەکە لەئێمە بەرپرسی یەکەمین لەژیانی خۆمان‌و کەسوکارو هاوڕێ‌و دۆستانمان‌و ئەبێ هەموو هەوڵێک بدەین کە خۆمان‌و ئەوان بپارێزین، واتا خۆپارێزی هەنگاوی سەرەکی‌و یەکەمە.

بەڵام لەوڵاتدا دەزگای بەرپرسی یەکەم بۆ بەنگاربونەوەی ئەم پەتایە حکومەت‌و دامودەزگاکانێتی کە خۆی لەوەزارەتی تەندروستیدا دەبینێته‌وه‌.

بەداخەوە ئەوەی لەکوردستان‌و لەپارێزگای سلێمانی هەستی پێناکرێت، جوڵەو (ئیجرائاتی) وەزارەت‌و دامودەزگا بەرپرسەکانە بەرامبەر بەتەشەنەنەکردنی ئەم پەتایە.

پارێزگای سلێمانی، ناوبەناو بەیانێک کەم ناوەڕۆک دەردەکات وەک ( ژ.٢٩٥ ی ١٣/١٠/٢٠٢٠) کە خۆی لە(داواکاری)دا دەبینێت‌و دەنوسێت: (هەرشوێنێک پابەندنەبێت دادەخرێت‌و سزای دارایی دەدرێت)، ئەم داخوازیە بۆ مانگی پێنج‌و شەش ڕەوابوو، کە مردن لەئارادا نەبوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕەوانییەو ناگونجێ بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی بۆ هەمیشە بەجێمان دێڵن.

دەبێت‌و پێویستە، لێپرسراوانی حکومەت لەکوردستان‌و پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین بەتایبەتی، وەک هەمو دونیا بکەونە خۆیان‌و کۆمەڵێک بڕیاربدەن‌و زۆر بەوردی‌و بەچڕی بەشوێن جێبەجێکردنیەوەبن، بڕیاری سەر کاغەز هیچ مانایەک ناگەیەنێ ئەگەر بەدواداچونی بۆ نەکرێت.

بارودۆخی کوردستان ئێستا لەم وەرزەدا کە هێشتا گەرمەو هاوڵاتی ئەتوانێت لەدەرەوە دابنیشێت، زۆر مەترسیدارە، بەڵام پاش چەند ڕۆژێکی تر، هەموو ناچاردەبین بچینە ژورەوە ئەوکاتە، چێشتخانەکان، باڕه‌کان، قاوەخانەکان، مەلەوانگەو جێگای وەرزشی، ئەگەر وەک ئێستا بمێنێتەوە، ئەبێت چاوەڕێى شەپۆلێکی زۆر زیاتر لەئێستا بکەین لەتوشبون‌و مردندا.

پێشئەوەی زۆر درەنگ بێت، با دەزگا بەرپرسەکان بکەونە خۆیان‌و هەندێ بڕیاری گرنگ بدەن، کە ڕەنگە بەدڵی هەندێ نەبێت، بەڵام لەبەرژەوەندی هەموان ده‌بێت.

هەروەها دەبێت، وەزارەتی تەندروستی، چالاکتربێت‌و ئەم بارودۆخە بکات بەخەمی سەرەکی خۆی، هەموو پێداویستیە ته‌کنیکی‌و مرۆیەکان ئامادەبکات، شەرمە بۆ حکومەتی هەرێم کە لەیەک ڕۆژدا هه‌شت هاوڵاتی گیان لەدەستبدەن، لەبەر نەبونی ئامێر لەشارێکی گەورەی وەک سلێمانیدا، هەروەها گرنگە کە حکومەت‌و دەزگا جیاوازەکان‌و هێزە سیاسیەکان، ئەم پەتایەو توشبون‌و مردنی بەکۆمەڵ زۆر بەدوربگرن لەکاری سیاسی‌و حزبی رۆژانەی خۆیان.