به‌فه‌رمانى خامنه‌یی حه‌شدى شه‌عبى هێرشه‌كانى بۆسه‌ر ئه‌مریكا ڕاده‌گرێت

عیراق

24/10/2020‌ 747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەکی بەریتانی ئاشكرایكردوه‌، حەشدی شەعبی لەسەر فەرمانی ئایه‌توڵڵا عه‌لى خامنەیی ڕابه‌رى ئێران، هێرشەکانیان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا له‌عێراق ڕاگرتوە، سه‌ركرده‌یه‌كى حه‌شدیش ده‌ڵێت:"خامنه‌یی پێیڕاگه‌یاندوین، پارێزگاریکردن لەحکومەتەکەی مستەفا کازمی کاری لەپێشینەی ئەوانە".

پێگەی میدڵ ئێست ئای بەریتانی لەسەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبییەوە بڵاویكردۆته‌وه‌، فەرمانیان لەعەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانەوە پێگەیشتوە بەوەی پەلامارو هێرشە موشەکیەکانیان بۆسەر پێگەو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق ڕابگرن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، "ئێران تەنانەت بێ ڕاوێژکردن بەحکومەتی عێراق‌و فەرماندە باڵاکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمان بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبیدا دەکات".

پێگە بەریتانییەکە ئاشکرایکردوە، خامنەیی لەکاتی کۆبونەوەیەکدا لەشاری قومى ئێران كه‌ لەگەڵ سێ سەرکردەی دیاری حەشدی شەعبی ئه‌نجامیداوه‌ پێیڕاگەیاندون، ئارامکردنەوەی شەقام‌و کۆنترۆڵکردنی ناڕەزاییەکان دژ بەسیستەمی سیاسی عێراق‌و پارێزگاریکردن لەحکومەتەکەی مستەفا کازمی، کاری لەپێشینەی ئەوانە.

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌وه‌شى نوسیوه‌:"گۆڕینی هەڵوێستی گروپە چەکدارییەکانی سەر بەئێران‌و کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنە، چەندین پرسیاری لەبارەی ئامانجی ڕاستەقینەی ئەو هەنگاوەو ماوەکەیی‌و لایەنی گەرەنتیکەری بڕیارەکە وروژاندوە".

بەرپرسە عێراقییەکان‌و سەرکردەی گروپە چەکدارییەکان بەپێگە بەریتانییەکەیان وتوە کە گروپە چەکدارییەکان لەماوەی ڕابردودا فەرمانیان پێکراوە بەمەبەستی گوشارخستنەسەر تره‌مپ، هێرشبکەنەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لەعێراق، بەڵام دواتر دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێرانییەکان لەڕادەی مەترسیی هەڕەشەکانی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دڵنیابونەوە کە ڕایگەیاندوو، ٨٠ پێگەی گروپە چەکدارییەکانی سەر بەئێرانیان لەناو عێراقدا دەستنیشانکردوە بۆئەوەی هێرشیانبکەنەسەر.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی