فه‌رمانده‌ى فه‌وجى لالش: پارتی‌و عێراق ڕێككه‌وتنی شنگال بسه‌پێنن به‌چه‌ك ڕوبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌

کوردستان

24/10/2020‌ 3157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەی فەوجی لالش دەربارەی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی عێراق‌و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لەسەر شنگال هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "قبوڵیناكه‌ین جارێکیتر چەکدارەکانی پارتی بگەڕێنەوە شەنگال تاوەکو جارێکیتر بمانفرۆشن"، ده‌شڵێت:"ئه‌گه‌ر پارتى‌و عێراق ڕێككه‌وتنی شنگال بسه‌پێنن، به‌چه‌ك ڕوبه‌ڕویان ده‌بینه‌وه‌".

خاڵ عەلی فەرماندەی فەوجی لالش دیدارێكى له‌گه‌ڵ ئاژانسى فورات نیوز ئه‌نجامداوه‌ ڕێكه‌وتنى پارتی‌و بەغدا لەسەر شنگال بەڕێککەوتنێکی ئەمریکی ناودەبات، دەشڵێت:"پارتی بەکرێگێراوی ئەمریکاو ئیسرائیلە، منداڵێکی نازداری ئەمریکایه‌، بەهەمانشێوەی حکومەتی ئێستای عێراقیش سیاسەت‌و بەرنامەی ئەمریکا بەڕێوەدەبات".

خاڵ ده‌ڵێت:"ئێزدی لەپێشتر قوربانی بون‌و دەیانەوێت ئیستاش هەر بیانکەنەوە بەقوربانی، ئێمە وەک گەلی ئێزدی قبوڵیناكه‌ین هیچکات ببینە قوربانی، ئێمە لەو ڕێککەوتنانە بەهێزترین، ئەوان وایدەبینن کە ئێزدی بێ خاوەنن، بێ سیاسەتن‌و بێهێزن، بەڵام لەڕاستیدا وانییە ئێزدیەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهاتوە، ئێزدیەکان لەدوای ئەوەی چەند جارێک فرۆشران، ئیدی ئیستا تێگەیشتون‌و دەتوانن خۆیان بپارێزن".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ى فه‌وجى لالش جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئێمه‌ پەیوندیمان بەوەوە نییە کە باس لەوەدەکرێت سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە دەڵێن ئەوە بۆ لەناوبردنی هیلالی شیعەیە، ئه‌وه‌ پەیوەندیی بەئێمەوە نییە، ئێمە گەلی خۆمان دەپارێزین، قبوڵی ناکەین ئێزدی ببنە قوربانی‌و ئێزدیەکان بۆ فرۆشتن نین".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا وتویه‌تى:"دەسەڵاتدارەکان وا بیر لەشنگال دەکەنەوە کە ناوچەیەکی چیایی گرنگ‌و ستراتیژییەو سوریاو عێراق بەیەکه‌وه‌ دەبەستێتەوەو بۆ ئەوە شەڕی لەسەردەکەن‌و دەیانەوێت داگیری بکەن، بەڵام ئێمە وا بیری لێناکەینەوە، ئێمە دەڵێین، ئێوە ئێمەتان فرۆشتوە، تەعداتان لەئێمە کردوە، ئیتر ئێمە ئێوە قبوڵناکەین، ئێمە پارتی‌و پێشمەرگەکانی قبوڵناکەین بۆ ئەوە بێنەوە ئێمە بفرۆشنەوە".

سه‌باره‌ت به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم‌و به‌غدا له‌سه‌ر شنگال ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌ هۆشداریداوه‌و ده‌ڵێت:"ئێمە لەسەر ناوی هیچ پارتێکی سیاسی قسە ناکەین، لەسەر ناوی ئیزدی قسە دەکەین‌و دەڵێین، هیچ دەسەڵاتێکی حکومەت لەدەسەڵاتی گەل بەهێزتر نییە، ئەوکەسەی بوەتە حکومەتیش گەل ئەوانی کردوەتە سه‌ر دەسەڵات، ئێمە دەنگمانداوەو ئێمە ئەوانمان گەیاندوەتە ئەو قۆناغە، ئەگەر عێراق‌و پارتی بەهێز بیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن، ئێمەش بەناوی گەلی ئێزدییەوە بەچەک لەپێشان ڕادەوستین، ئەگەر چەندە قوربانیش بدەین ناگەتە ئەوکەسانەی کە چەکدارەکانی پارتی ڕادەستی داعشیان کردن‌و بەکوشتیدان‌و ئێمە شەڕدەکەین‌و حەقی خۆمان وەردەگرین".