سیاسەتەكانی بایدن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ئۆباما نابن

مەلەفی تایبەت

24/10/2020‌ 1302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەم شیكارییە بۆ ئەگەری بردنەوەی بایدنە لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا، باس لەوەدەكات، ئەگەر بایدن بیباتەوە ئاخۆ سیاسەتەكانی ئۆباما دوبارە دەكاتەوە، یاخود ئاراستەیەكی جیاوازتر دەگرێتەبەر.

بایدن بۆ 8 ساڵ جێگری ئۆباما بوە، باشدەزانێت ستراتیژیەتی ئۆباما بۆ پارێزگاریكردن لەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا چۆن بوە، پشتیوانی بێهاوتای ئۆباما لەبایدن لەڕواڵەتدا ئەوە نیشاندەدات كە بایدن لەسیاسیەتی دەرەوەو ناوەوەیدا پەیڕەوی لەڕێچكەكەی ئۆباما بكات، بۆیە هەندێك لەهێزە سیاسییە ئیسلامییەكان چاوەڕێی بەهارێكی دیكەی عەرەی دەكەن‌و دڵیان بەهاتنەسەركاری بایدن خۆشە.

ڕاپرسەكان ئاماژە بەوەدەكەن، بایدن سەرۆكایەتی ئەمریكا دەباتەوە، تڕەمپیش باسی لەوەكردوە كە بەئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە جەنگێكی یاسایی دورودرێژ لەنێوانیاندا بەرپادەبێت، ئەم گۆڕانكاریەش سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا توشی شڵەژان‌و پشێوییەك دەكات. 

ئیسلامییەكان ئاواتەخوازن بایدن بیباتەوە، چونكە لە 4 ساڵی حوكمڕانی ترەمپدا ئەوان بەئامانج گیراون‌و لێدانی كوشندەیان بەركەوتوە، هەوڵی ئەوەشدراوە ئیخوانەكان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە، لەو ماوەی پێشوش ترەمپ بڕیاریدا پەردە لەسەر ڕوی ئیمه‌یڵه‌كانى هیلاری كلینتۆنی وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریكا هەڵماڵێت كە ئاشكرایدەكەن ئۆباما پشتیوانێكی گەورەی ئیسلامییەكان‌و ئیخوانەكان بوە لەدوبارە ڕێكخستنەوەی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئیسلامییەكان دڵیان بەبردنەوە بایدن خۆشە، بەڵام ئەوەیان بیرچوە كە 4 ساڵی حوكمی بایدن دەكرێت گۆڕانكاری زۆری تێدا ڕوبدات‌و وەك جاری جارانیش نەبێت. 

بۆیە بایدن‌و ڕاوێژكارەكانی لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی گشتی باس لەپرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن‌و هەر بەو تەرزەش باس لەپرسی ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤ‌و بڵاوكردنەوەی كلتوری دیموكراسی دەكەن.

لەكۆتایشدا ئەمریكا دەوڵەتی دامەزراوەكانەو ئەوان بڕیار لەسەر پرسە گرنگەكان دەدەن، سەرۆكیش كاریگەری هەیە لەدەركردنی ئەو بڕیارانە، بەڵام بڕیارەكان لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی ئەمریكادا دەدرێن‌و لێی دەرناچن. كۆنگرێس بەهەردوو باڵەكەیەوە بەشدارە لەو بڕیارسازییەدا، گروپەكانی فشاریش ڕۆڵیان هەیە.

بۆیە ئەگەر بایدن سەرۆكایەتی ئەمریكا بباتەوە، بەپلەی یەكەم ئامانجی دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەبێت، نەوەك هەوڵدان بۆ بەهێزكردنەوەی ئیخوانەكان‌و بڵاوكردنەوەی كەلتوری دیموكراسی‌و مافەكانی مرۆڤ یان تۆڵەكردنەوە لەهەندێك ڕژێم كە ئیدارەكەی ئۆباما لێیان ڕازی نەبوە، هەموو ئەمانە لەچوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكادا بڕیاریان لێدەدرێت. 

سەرۆك‌و ئیدارەكان‌و سیاسەتەكان گۆڕانیان بەسەردادێت، بەڵام ئامانجەكه‌ هەروەك خۆی دەمێنێتەوە، لەوانەیە تڕەمپ بێزراوبێت‌و خۆشەویست نەبێت، بەڵام هیچ كەس گومانی لەدڵسۆزی ئەونییە بۆ ئەمریكا، خۆ ئەگەر هەڵەی گەورە بكات ئەوا دادگایی دەكرێت، ئەمە بۆ بایدنیش هەر راستە، بۆیە كاتێك ئۆباما ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێرانی واژۆكردو كاتێكیش ترەمپ لێی كشایەوە، ئامانجەكە یەك شت بوو، بەڵام بیركردنەوەكان جیاوازبوون.

بۆیە هەموو ئەو بڕیارانەی سەرۆكەكانی ئەمریكا دەریانكردون وەك داگیركردنی عێراق یان كشانەوە لەئەفغانستان‌و هی دیكەش، بەرجەستەی بەرژەوەندی تەواوی ئەمریكا دەكەن‌و واتای دژییەكی نێوان سەرۆكەكان ناگەیەنێت.

ئەمە بۆ سەردەمی بایدنیش ڕاست دەردەچێت، ئەگەر بتوانێت سەرۆكایەتی ئەمریكا بباتەوە، چونكە كۆمەڵێك پێنوێن (مۆشر) هەن كە دەبێت ئیدارەی كۆشكی سپی پێیانەوە پابەندبێت‌و لێیان لانەدات، ئەو پێنوێنانە ڕۆڵی گرنگیان دەبێت لەو سیاسەتەی بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگیرێتەبەر.

لەمەوە ناكرێت بایدن كتومت هەمان سیاسەتەكانی ئۆباما دوبارەكاتەوە، بەڵكو سود لەڕِوداوەكانی پێشوو وەردەگرێت‌و بەگوێرەی دۆخی ئێستا سیاسەتەكانی خۆی دادەڕێژێت. 

بۆیە بایدن هەڵەكانی پێشوی ئیدارەكەی ئۆباما دوبارە ناكاتەوە، بەتابیەتی دوای ئاشكرابونی نهێنی ئیمه‌یلەكانی هیلاری كلینتۆن‌و هەڵوێست‌و كارو كردەوەكانی ئەردۆغان، لێرەوە بایدن لەجاران وریاتر دەبێت‌و سیاسەتەكانیشی وەك سیاسەتەكانی ئۆباما نابن‌و جیاوازتردەبن.

وه‌رگێڕان: لوقمان حاجى قادر
سه‌رچاوه‌: پیگەی ئەلیكترۆنی عەرەب