عەبدوڵڵا كینانی بۆ شارپرێس: ئەگەر هەرێم بەمشێوەیە بەردەوامبێت رەنگە بەغدا پابەندی رێككەوتنەكەی نەبێت

عیراق

10/11/2020‌ 1112 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
چاودێرێكی سیاسی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت و بەبەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا وادەكات كازمی زیاتر بەسەر ئەڵنگارییەكانی بەردەم كابینەكەی سەركەوتوو بێت و دەشڵێت، فشاری زۆر لەسەر كازمی هەیە بۆ ئەوەى پارە بۆ هەرێم نەنێرێت. 

عەبدوڵڵا كینانی چاودێریری سیاسی و كەسایەتیەکى سیاسیە لە عێراق ئەو بەردەوام لەسەر دۆخى سیاسى وڵات رەخنەو سەرنجى خۆی هەیەو بەردەوامیش رەخنەى لە سیاسەتی حکومەتەکانى رابردوو گرتووە، ناوبراو لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ "شارپرێس" دەڵێت: بەشێك لەلایەنەكان هەوڵی دواخستنی دەدەن و دەیانەوێت ئەم ساڵ و نیوەی كەخولی پەرلەمان ماوە درێژەی پێ بدەن كار لەسەر ئەوەدەكەن كە كازمی هەڵبژاردن سەركەوتونەبێت لەو وادەی دیاریكردووە بۆئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوەكو پرۆسەكە ئەنجام بدرێت.
شارپرێس: دەمەوێ لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم ئەدای ئەم چەند مانگەی كابینەكەی مستەفا کازمى چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: كازمی لەم ماوەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراقە چەند گۆڕانكارییەكی ئەنجامداوە، لەوانە دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و دەرهێنانی خاڵە سنورییەكان لەدەستی میلیشیاكان و دەستگیركردنی گەندەڵكاران و پەرە پێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی دیكە كە ئەوانە هەنگاوی باشن و بەشێكیان لەكابینەكانی پێشوو دەبوایە بكرایە، بەڵام قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە ببنە گرفت لەباشتر بوونی كابینەكە. 

شارپرێس: پێتوایە کە كازمی بتوانێت بەسەر قەیرانەكانی ئێستای عێراقدا سەربكەوێت؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: عێراق بەدۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لەلایەن مستەفا كازمییەوە لەم قۆناغەدا ئازایەتی خۆی دەوێت، چونكە جگە لەقەیرانی دارایی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گەندەڵی و چەندین قەیرانی دیكە بەرۆكی عێراقی گرتووە، بەڵام كارەكانی ئەم چەند مانگەی كازمی جێگای ئومێدە، بڕوام وایە ئەگەر بێت و داهاتی خاڵە سنورییەكان بەمشێوەیە بێت و نرخی نەوت بەرزبێتەوە حزبەكان رێگری بۆ دروست نەكەن، كازمی قەیرانەكان تێپەڕێنێت. 
 
شارپرێس: لە دۆخێکى ئاوادا كازمی پێیویستە چی بكات تا سەركەوتوبێت؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: دوای ئەو قەرزەی كەپەرلەمان پەسەندی دەكات پێویستە حكومەت بیر لەدۆزینەوەی سەرچاوەی دیكە بكاتەوە و هەروەها ئەولیژنەی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی پێكیهێناوە چالاكتری بكات و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش رێككەوتنێكی كۆنكرێتی ئەنجام بدات، چونكە ناكرێت بەغدا هەر پارە بنێرێت و هەرێمیش پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی نابێت، دەبێت هەرێم خاڵە سنورییەكانی رادەستی بەغدا بكات و ئەو بڕە نەوتی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات. گەلی عێراق دژی ئەوەنیە حكومەت پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت چونكە فەرمانبەری هەرێمیش رۆڵەی عێراقن.


شارپرێس: لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا قسەت چییە پێتوایە چارەسەرى کێشەکان بکرێن؟
عەبدوڵڵا كینانی: لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و كازمیشدا پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تادێت بەرەو باشتربوون دەڕوات و بەغدا دەیەوێت لەگەڵ هەرێم لەسەر زۆربەی كێشە كەڵەكەبووەكانی بگاتە چارەسەر، لەماوەی رابردووش كازمی و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رێككەوتنێكیان ئەنجامدا ئەگەر بێت و هەردوولا پێوەی پابەندبن هەنگاوێكی باشە، هەرچەندە زۆربەی پەرلەمانتاران رەخنە لەهەرێم دەگرن كە پابەند نیە بەرێككەوتنەكە. 
ئەگەر بێت و هەرێم بەمشێوەیە بەردەوامبێت رەنگە بەغداش پابەندی رێككەوتنەكەی نەبێت چونكە فشارێكی زۆر لەكازمی هەیە كەبەغدا لەبەرامبەر چی ئەو پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت.

شارپرێس: ئێستا کە کاتى هەڵبژاردن دیارى کراوە بڕواتانوایە لەناو ئەو هەموو قەیرانەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: هەرچەندە وادەكەی لەلایەن حكومەتەوە دیاریكراوە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە هەڵبژاردنێكی سەخت دەبێت، چونكە بەشێك لەلایەنەكان هەوڵی دواخستنی دەدەن و دەیانەوێت ئەم ساڵ و نیوەی كەخولی پەرلەمان ماوە درێژەی پێ بدەن كار لەسەر ئەوەدەكەن كە كازمی هەڵبژاردن سەركەوتونەبێت لەو وادەی دیاریكردووە بۆئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوەكو پرۆسەكە ئەنجام بدرێت.


شارپرێس: بۆچی بەشێك لەهێزە سیاسییەکان و فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نین؟
عەبدوڵڵا كینانی: هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بەڵام ئەو هێزانە دەترسن لەوەی پۆست و شوێنەكانیان لەدەست بدەن و دەیانەوێت بمێننەوە لەشوێنەكانی خۆیان و بەشێكیان دەترسن دەنگەكانیان كەمبێتەوە چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت و هەڵبژاردنێكی گەنجان دەبێت و گۆڕانكاری لەعێراق دروست دەكات بەتایبەت كە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر كەبریندار و شەهیدیان بەخشیوە دەیانەوێت گۆڕانكاری دروست بكەن. 

شارپرێس: پێتوایە خۆپیشاندەرانی تەحریر و گەنجان چۆن گۆڕانكاری دروست دەكەن لەهەڵبژاردنەكاندا؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: لەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدا خۆپیشاندەران ئەگەرێكی بەهێزە لیستیان هەبێت و مەرجەعیەت و گەنجان دەڵێت ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەرانین، هەربۆیە ئەگەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەسەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەنجامدرا پەرلەمانی داهاتوو لای خەڵك و مەرجەعیەت دەبێت و ئەوان زۆرینە دەبن سیستمی سیاسیش دەگۆڕێت چونكە خەڵكی گۆڕانكاری دەوێت و ئەم خۆپیشاندانەش بۆئەومەبەستە ئەنجام دەدرێت. 

شارپرێس: پێشبینی دەكەن كازمی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران مسۆگەر بكات؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: ئەگەرێكی لاوازە كازمی لەم هەڵبژاردنە لیستی هەبێت بەڵام كار و هەنگاوەكانی لەماوەی كابینەكەی هۆكارێك دەبێت بۆئەوەی كە خولێكی دیكە مسۆگەر دەكات یاخود نا. ئەوەش بۆ كات بهێڵینەوە باشتر دەردەكەوێت چونكە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا و ئەوروپا دەیانەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت لەعێراق دۆخی ئەم دووڵاتە بگۆڕێت و جۆرێك لەسەقامگیری بەخۆیەوە بنێت.

شارپرێس: پێتان وایە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا چۆن دەڕوانێتە دۆسیەی عێراق؟ 

عەبدوڵڵا كینانی: ئەمریكا بەردەوام دەبێت لەهەماهەنگیەكانی نەهێشتنی تیرۆر لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و هەروەها هاوكاریكردنی عێراق پێشم وایە بادین باشتر دەبێت وەك لەترەمپ بۆ عێراق چونكە ئەو كەمتر لەگەڵ جەنگە و بەدیپلۆماسی دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكات.