شارپرێس:
هەرکاتێک قەیرانێکی سیاسی یان ئابوری، ڕو لە
هەرێمی کوردستان دەکات، یاخود ئەو کاتەی کێشە سیاسییەکان لە نێوان حزبەکاندا نوێ
دەبێتەوە، ئیدی سۆشیال میدیا و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەبنە کەرەستەی ماندوکردنی
خەڵک و بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان سەرقاڵ دەکرێن بە ململانێ لاوەکی و تەنانەت
شەخسییەکانیشەوە.
کادر و ئەندامە حزبییەکان لە کاتی
ململانێکاندا، لە ژێر ناوی پەرلەمانتار و چاودێری سیاسی و زۆر جاریش مامۆستای
زانکۆ و چەندین ناو و ناونیشانی جیاوازدا، دەردەکەون و بە زمانێکی ئاست نزم
لەبارەی نەیاری حزبەکانیانەوە دەدوێن و ململانێکانیان دەبەنە ئاستێک، کە دەرونی
هاوڵاتیانیش ماندوو دەکەن.
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ماوەی شەش ساڵە
بە دۆخێکی ئابوری و سیاسی سەختدا تێدەپەڕێت و هاوڵاتیانیش زەرەمەندی یەکەمی ئەو
دۆخەن، کەچی بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حیزبی و حکومی، هەر جارە و
لە بارەی بابەتێکی دیاریکراوەوە، دەکەونە ململانێیەکی توندی ناجۆرەوە، تەنانەت
خۆیان وەک داکۆکیکار لە مافەکانی هاوڵاتیانی هەرێم و تەنانەت دیموکراسی و یاسا
لەقەڵەم دەدەن و وەک پاڵەوانێکی ڕزگارکەر نمایش دەکەن، تاوەکو ئێستاش بێجگە لە
ماندوکردنی دەرونی خەڵک، شتێکی ئەوتۆیان لەبارەی ژیانی هاوڵاتیانەوە نەگۆڕیوە.
بەشێک لە هاوڵاتیان زۆر دەرکەوتنی بەرپرسەکان
لە کاتی قەیران و کێشەکاندا، بە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی دەزانن و پێیان
وایە بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیانە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی هەر لایەنە و ئەوی
تر تۆمەتبار بکات بە هۆکاری کەموکورتی و کێشەکان.
ئەو ململانێیەی لە نێوان پەرلەمانتاران و
بەرپرسە حزبی و حکومیەکاندا هەیە، تاوەکو ئێستا نەک هیچی لە دۆخی خراپی هەرێم
نەگۆریوە، بەڵکو بە پێچەوانەشەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر دەرونی خەڵک دروستکردووە
و، وەک هاوڵاتیان باسی دەکەن، نازانن بڕوا بە کام بەرپرس و کام لایەن بکەن و دەشڵێن
لە سەرەتای هەر هەفتەیەکەوە تاوەکو کۆتاییەکەی، خەڵک بە بابەتێکەوە سەرقاڵ دەکەن و
دواتریش هیچ ئەنجامێک بەدەست نایەت.
هەر لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە بیگرە،
هەتا دەگاتە بڕینی موچەی فەرمانبەران و تەنانەت لە ململانێ سیاسی و ئابورییەکانی
نێوان هەرێم و بەغداد، بەشی هەرە زۆری بەرپرسان خۆیان بە فریادڕەسی خەڵک دەزانن و
هەر لایەکیان ئەوی دیکە بە هۆکاری شکست و کەموکورتییەکان دەزانێت و هاوڵاتیانیش
بونەتە قوربانی و نازانن باوەڕ بە کام بەرپرس یاخود کام فراکسیۆنی پەرلەمان و کام
هێزی سیاسی بکەن.