سێ ڕێگەچارە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی عێراق دەخرێتەڕوو

عیراق

27/11/2020‌ 1133 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی برۆکینگز بۆ لێکۆڵینەوەکان راپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارایی عێراق ئامادەکردووە و تیایدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لەگەڵ ئەوەی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەکان، بەڵام زیاتر لە دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەچێت و دوای نزیکەی دوو دەیە لە رووخانی رژێمی پێشوو هێشتا بەدەست چەندین قەیرانی دریژخایەنەوە دەناڵێنێت.

برۆکینگز لەبەشێکی راپۆرتەکەیدا باسى لەوەکردوە سەرەڕای ئەوەى کە عێراق وڵاتێکە خاوەن سامانی نەوتییە، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوڵاتییەکانی خاوەن داهاتێکی نزمن، هەر ئەمەشە وایکردووە دامودەزگاکانی لەزۆر رووەوە دامەزراوەکانی شکستخواردووە

لەراپۆرتەکەی ناوەندەکەدا هاتووە کە دوای نزیکەی دوو دەیە لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەساڵی ٢٠٠٣ ، هێشتا ئەو وڵاتە لەدۆخێ فشەڵ و ناسەقامگیری سیاسییدا دەژیەت و شڵەژانی کۆمەڵایەتی رووی لەزیادبوون کردوەو کەلێنی نێوان دەوڵەت و هاوڵاتی زۆر قوڵە.

هەموو ئەو قەیرانانە لەناویاندا شۆکی دابەزینی نرخەکانی نەوتی خاو و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئەوە جگە لە سیاسەتی ئابووری خراپ و نەبوونی توانای چارەسەرکردنی گەندەڵی، وایانکردووە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە عێراق خراپترین گەشەی ئابووری هەبێت.

لەپێناو چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی عێراق، پەیمانگاکە سێ ڕێگەچارەی خستۆتەڕوو کە یەکەمیان ئەوەیە کە ئامانجی پرۆسی سیاسیی پەرەپێدان بێت نەوەک ململانێ و ناکۆکی، دواتر بەدەستهێنانەوەی گریبەستی کۆمەڵایەتی لەڕێگای درووستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و حکوومەت.

ئەویش بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەرەتییەکان و سزادانی گەندەڵکاران، لەکۆتییشدا چاوخشاندنەوە بە مۆدێلی ئابووری وڵات لەڕێگای باشکردنی ژێرخانی ئابووری و دۆزینەوەی کەشێکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان کە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی عێراق دەرەخسێنێت.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی