سەرۆک کۆمار: پێویستە متمانەی گەلانی عێراق بۆ هەڵبژاردن بگەڕێنرێتەوە

عیراق

28/11/2020‌ 415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە شاندێکی دەستەی سیاسی تەیاری سەدری بەسەرۆکایەتی  نەسار رەبیعی سەرۆکی دەستەی سیاسی و رایگه‌یاند، پێویستە متمانەی گەلانی عێراق بۆ هەڵبژاردن بگەڕێنرێتەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، لەمیانی دیدارەکەدا دواین گۆرانکارییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لە وڵات گفتوگۆی لەبارەوەکرا، ھاوکات جەختکرایەوە لە گرنگی  ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو و پێویستی بەدیهێنانی پێودانگی پاکی و شەفافیەت و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و گێڕانەوەی متمانەی دەنگدەران بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک ببێتە مایەی دەربڕینی ویستی راستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیاندا. 

هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لە گرنگی پارستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و پتەوکردنی مەرجەعیەتی دەوڵەت و پشتیوانیکردنی دەزگا ئەمنییەکان و سەپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی ئابووری وڵات و ئەو هەوڵانەی پێویستە بنرێت بۆ پاڵپشتی لە ئابووری نیشتمانی و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و ھەمە جۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابووری کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ھاتووەتە ئاراوە.