په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په‌: ئامانجی هێرشەکان کۆتایهێنانە بە خەباتی هەدەپە

جیهان

05/12/2020‌ 358 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپەى وان رایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسیی، کە بەبێ راوەستان نزیکەى پێنج ساڵه‌ بەردەوامییان هەیە، بۆ ئەوەیە کۆتایی بە خەباتی هەدەپە بهێنن، بەڵام ناتوانن لەو ئامانجەیاندا سەر بکەون.

بەپێی راپۆرتی ئەم هەفتەیەى کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی هەدەپە لە ساڵی 2015ەوە لە ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە حیزبەکەیان و هاوڕێکانیاندا، 14 هەزار و 530 کەس دەستگیرکراون و سزای زیندانیکردن بەسەر 6 هەزار کەسیاندا سەپێنراوە، وان یەکێک لەو شارانەیە، کە بە بەردەوامی و بێ پسانەوە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی تیادا بەڕێوەدەچێت.

موعەزەز ئۆرهان پەرلەمانتاری هەدەپەى وان لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی راگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئۆپراسیۆن و هێرشەکان و ئەو قەدەغەکارییە لە شارەکاندا سەپاندویانە بۆ رێگریکردن لە خەباتی هەدەپە دەگەڕێتەوە، کە خەباتێکە ئاوێتەى گەل بووە.

ئۆرهان باسی له‌وه‌شكرد: "هەموو رۆژێک بەڕێوەبەرانی حیزبەکەمان و ئەندامانی حیزبەکەمان دەستگیر دەکرێن، هێرشمان دەکەنە سەر بۆ ئەوەى بە تەواوی کۆتایی بە خەباتی حیزبەکەمان بهێنن. لەبەر ئەو سیاسەتە هەڵوەشاوەیەیان، هیچ وەڵامێکیان نییە، کە بە گەلی بدەنەوە.

ئۆرهان سەرنجی خستە هێرشەکان و وتی: "تەنها شتێک کە لە دەستیاندا ماوە، ئەوەیە هێرش بکەنە سەر هەدەپە. بە بەکارهێنانی وتەى تیرۆر هەستی نەژادپەرەستەکان دەوروژێنن و دنەى هەستیان دەدەن. بۆ ئەوەش هێرش دەکەنە سەر هەدەپە. هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانی هەدەپە. دەیانەوێت خەباتی سیاسیی هەدەپە رابوەستێنن. دەیانوت، ئێمە لە ناویان دەبەین، بۆیە تاوەکو کۆتایی پێنەهێنن دەست لە هێرشەکانیان هەڵناگرن".