میلیشیا شیعەکان.. دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا

عیراق

04/01/2021‌ 861 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەڕەنسی راپۆرتێکی لەبارەی کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەت لەلایەن  میلیشیا چەکدارییەکانی عێراق و کارکردنیان بۆ درووستکردنی پشتێنەیەک بەدەوری بەغدای پایتەختی عێراق لەڕێگای کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراقییەوە ئامادەکردووە، بەشێوەیەک هیچ شوێن و ناوچەیەک نییە بەدەر بێت و لە دەسەڵات و هەژموونی ئەو میلیشیا چەکداریانە.

راپۆرتە لێکۆڵینکارییەکەی رۆژنامە فەڕەنسییەکە شاری "جورف ئەلسەخر"ی بەنموونە هێناوەتەوە کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری بەغداوە دوورە، بەشێوەیەک میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان لەدوای رووخانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ناوەکەیان بۆ "جورف ئەلنەسڕ" گۆڕیوە، لەوچوارچێوەیەشدا گەنجێکی عێراقی خەڵکی شارەکە  کە ئێستا لەئەنبار دادەنیشێت و  قسەی بۆ رۆژنامەکە کردووە وتویەتی : میلیشیا شیعییەکان خانوو ماڵ و کێڵگەی خەڵکی ناوچەکەیان وێران کرد و دواتر بنکەی سەربازیی و گرتووخانەی نهێنیان تێدا درووستکرد. ڕوونیشی کردۆتەوە کە دەزگا ئەمنییەکان و سەرۆک وەزیرانیش ناتوانن پێیان بخەنە ئەو ناوچەیە.

جورف ئەلسەخر حاڵەتێکی سیمبوڵییە بۆ درووستبوونی دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، ئەوەشی میلیشیاکان بە سوودوەرگرتن لە جەنگی دژ بە داعش درووستیان کردووە و بەدەستیانهێناوە حەتەددایەکی گەورەیە بۆ حکوومەتی بەغدا.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی رۆژنامەکەدا هاتووە میلیشیاکان تۆڕێکی فراوانیان لەناو هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا درووستکردووە، هەر لە گەڕەکە نیشتەجێکانی بەغدای پایتەخت کە پڕکراوە لە بارەگای ئەو میلیشیایانە، تادەگاتە پارێزگا و شوێنە دووردەستەکان، بەشێوەیەک هیچ شوێنێکی ئەو عێراقە نەماوە دەسەڵات و هەژموونی میلیشیاکانی تێدا نەبێت.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی