داعش لەپه‌لاماره‌كانیدا پشت بەشێوازێکی تازە دەبەستێت

عیراق

09/01/2021‌ 2073 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری له‌ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، لەئێستادا داعش نیوەی په‌لاماره‌ تیرۆریستییەکانی لەڕێگای نیشانەشکێنەوە ئەنجامدەدات.

عەبدولخالق عەززاوی ئه‌ندامى لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری له‌ئەنجومەنی نوێنەران بەپێگەی "مەعلومە"ی ڕاگەیاندوە، لەپه‌لاماره‌كانى چەند مانگی ڕابردویدت گروپى تیرۆریستی داعش پشتی بەشێوازێکی تازە بەستوە ئەویش بریتییە لەپشتبەست بەچەکی نیشانەشکێن (قه‌ناس)، بەجۆرێک نیوەی ئەو په‌لامارانه‌ى لەپارێزگا تازە ئازادکراوەکان بۆسەر هێزە ئەمنییەکان‌و تەنانەت خەڵکانی مەدەنیش ئەنجامدراون لەو ڕێگایەوە بوە.

عەززاوی ئاماژەی بەوەشکردوە، پشتبەستن بەچەکی نیشانەشکێن بەهۆی لاوازبونی تواناکانی ئەو گروپه‌وه‌یه‌ لەڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، بەتایبەت کە ئێستا ژمارەیان کەم‌و پەرشوبڵاوە‌و خۆیان لەناوچە دورەدەست‌و سەختەکان حەشارداوە.

بەوته‌ى ئەو په‌رله‌مانتاره‌، داعش زۆر لاوازبوەو بەشێکی زۆر لەو هەواڵانەی لەبارەی كرده‌وه‌ تیرۆریستییەکانیان بڵاویاندەکەنەوە ناڕاستن‌و مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ورەی ئەندامەکانیانە، "گۆڕینی ستراتیژی جەنگی دژ بەداعش زۆر  گرنگە، بەتایبەت لەڕێگای پشتبەستن بەپرۆسەی سەربازیی جۆریی‌و کاراکردنی ڕەهەندی هەواڵگری".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی