ڤاکسینی "فایزەر-بیۆنتیک" دژ بە هەردوو جۆرە گۆڕاوەکەی کۆڕۆنا کارایە

جیهان

10/01/2021‌ 298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تاقیگەی کۆمپانیای بیۆنتیک رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە بەراییەکان دەریانخستووە کە ڤاکسینی فایزەر-بیۆنتیک دژی هەردوو جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە لە بەریتانیا و باشووری ئەفریقیا دەرکەوتوون کارایە، کە بەقسەی زانایان جۆرە گۆڕاوەکانی کۆڕۆنا بەراورد بە کۆڕۆنا سەرەکییەکە بەشێوەیەکی خێراتر بڵاودەبنەوە.

تاقیگەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت " ئەو دژە تەنانەی بەهۆی کوتان بە ڤاکسینی فایزەر-بیۆنتیکەوە درووستبوون، بەشێوەیەکی کارا بەرگری بەرانبەر بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ و هەردوو جۆرە گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا درووست دەکات.

زاناکان دەڵێن ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ" بی ١١٧" کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو لە باشووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا بڵاوبۆتەوە، بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ بۆ لەسەدا ٧٠ لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرەکییەکە خێراتر بڵاودەبێتەوە، بەڵام باسیان لەوەش کردووە کە هێشتا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لەبەردەستدا نییە کە جۆرە گۆڕاوەکانی ئەو ڤایرۆسە کوشندەتر بن.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی