شارپرێس:
دەستەی ڕەفتاری دارایی بەریتانی هۆشداریداوەتە ئەوانەی وەبەرهێنان لەبواری دراوە دیجیتاڵییەکان دەکەن، "ڕەنگە هەموو سامانەکانیان لەدەستبدەن، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو مەترسیانەی ڕوبەڕوی ئەو جۆرە مامەڵانە دەبێتەوە".
دەستەی ڕەفتاری دارایی لەبهریتانیا دەڵێت:"ئەو کۆمپانیایانەی برەو بەو جۆرە مامەڵە دیجیتاڵیانە دەدەن لەبارەی قازانجەکانی ئەو جۆرە وەبەرهێنانە زیادەڕەوی دەکەنو مەترسییەکانی بازاڕ لەسەری کەمدەکهنەوە".
ئاژانسە بەریتانییەکە کە بە FCA -ش ناسراوە دەڵێت:"دەبێت بەکارهێنەران زۆر ئاگاداری مەترسییەکان بنو بزانن کە ئایا وەبەرهێنان بەبڕە پارەیەکی زۆر لەو جۆرە مامەڵانەدا بۆیان گونجاوە یان نا، لەبەرئەوەی هیچ گەرەنتییەک نییە بەوەی بتوانن جارێکی تر دراوە ژمارەییەکانیان بۆ پارەی ئاسایی بگۆڕنەوە، جگە لەوەی نرخەکانی بەردەوام لەهەڵبەزو دابەزدایە".
بەپێی داتاکانی پێگەی "کوین دیسک"، ئەم هەفتەیە بەهای دراوی دیجیتاڵی بیتکۆین دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردو گەیشتە ٣١،٧٠٢ دۆلاری ئەمریکی، ئەویش دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردودا بەئاستێکی بهرچاو بەهاکەی ڕوی لەبەرزبونەوە کرد، بەشێوەیەک بەهای یەک بیتکۆین گەیشتە سەروو 40 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
لای خۆیەوە دەستەی ڕەفتاری دارایی بەریتانی دراوە ژمارەییەکان بەشێوەیەک لەشێوەکانی مامەڵەی "جامبازی" پڕ مەترسیی وەسفکردوە، کە دەکرێت لەبەر لاوازی ڕێکخستنی، لەپڕ گیرفانی وەبەرهێنەران بەتاڵبکاتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی