شارپرێس:
یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان بڕیارى لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى خوێندن له‌ناوه‌نده‌كاندا به‌هه‌ڵه ناوده‌بات‌و جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتیه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت"بڕیارى ڕاگرتنى خوێندن ته‌نها له10%ى په‌یوه‌ندى به‌كۆرۆناوه هه‌یه، ئه‌گه‌رنا له 90%ى په‌یوه‌ندى به‌نه‌بونى موچه‌و ترس له‌خۆپیشاندان‌و بایكۆته‌وه هه‌بووه"، ده‌شڵێت:"ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت‌و وه‌زیرانى په‌روه‌رده‌و دارایی بدرانایه دادگا".
عه‌تا ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان له‌دیدارێكى شارپرێسدا ئاماژه‌ى به‌بڕیاره‌كه‌ى دوێنێى لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌هه‌رێم كرد كه تێیدا ڕاگه‌یه‌نرا له 16ى ئه‌م مانگه‌وه پۆلى 12و له‌ڕۆژى 1ى 3ى 2021یشه‌وه سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كان ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌نه‌وه وتى:"ئه‌و بڕیاره‌ى كه درا ئێمه نیگه‌رانین‌و تێبینى زۆریشمان له‌سه‌رى هه‌یه، چونكه ئێمه وه‌كو ڕێكخراوێك دوو ئه‌ركى سه‌ره‌كیمان هه‌یه، یه‌كه‌میان داكۆكى له‌مافى مامۆستایان‌و دوه‌میش خه‌مى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده، هه‌ردوو خه‌مه‌كه‌مان زیادیكرد، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه تائێستا حكومه‌تى هه‌رێم له‌خه‌مى بژێوى مامۆستایان‌دا نه‌بوه‌و نه‌یتوانیوه موچه‌ى شایسته بۆ مامۆستایان دابین بكات، دوه‌میش ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ى په‌روه‌رده زیانى زۆر پێگه‌یشتوه".
وتیشى:"بڕیارى ڕاگرتنى خوێندن له25ى 2ى 2020وه تائێستا ته‌نها له 10%ى په‌یوه‌ندى به‌كۆرۆناو ئه‌و دۆخه ته‌ندروستیه‌وه هه‌یه كه بۆ جیهان دروستبوه، ئه‌گه‌رنا له90%ى په‌یوه‌ندى به‌نه‌بونى موچه‌و ترس له‌خۆپیشاندان‌و بایكۆته‌وه هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌یه وایكردوه پرۆسه‌ى خوێندن له‌هه‌رێمى كوردستان دوابخرێت، ئه‌گه‌رنا ئێمه بڕوامان وابوو له‌مانگى 12ى ساڵى ڕابردوه‌وه ده‌بوو خوێندن ده‌ستى پێبكردایه‌ته‌وه".
سه‌باره‌ت به‌و ماوه كه‌مه‌ش كه بۆ ئه‌مساڵى خوێندن ماوه‌و حكومه‌تیش بڕیارى كردنه‌وه‌ى ده‌رگاى خوێندنگه‌كانى ده‌ركردوه، مامۆستا عه‌تا جه‌ختیكرده‌وه، "خوێندن وه‌كو هیچ پرۆسه‌یه‌كى دیكه نییه‌و درێژخایه‌نه، به‌پینه‌وپه‌ڕۆ حه‌ل نابێت، ئێمه له‌مانگى 11ى ساڵى ڕابردوو پڕۆژه‌مان به‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده داوه، داوامانكرد له‌سه‌ره‌تاى مانگى 12 ده‌وام ده‌ستپێبكاته‌وه، به‌داخه‌وه به‌گوێیان نه‌كردین، ئێستاش كه ئه‌م بڕیاره‌یانداوه پێمانوانییه بۆچون‌و ڕه‌زامه‌ندى مامۆستایانى له‌سه‌ربێت، چونکە خوێندنى ئه‌مساڵ ده‌گاته مانگى 12، ئه‌ى خولى دوه‌م ده‌خرێته كوێ‌و ده‌گاته چ مانگێك".
ئه‌وه‌شى وت:"مامۆستا خه‌مى پیشه‌كه‌یه‌تى، به‌ڵام به‌گیرفانى به‌تاڵ ناتوانێت هاتۆچۆ بكات، هیوادارین پێشئه‌وه‌ى حكومه‌ت بیر له‌كردنه‌وه‌ى ده‌وامى خوێندن بكاته‌وه، بژێوى ژیانى مامۆستایان دابین بكات، بۆیه ئێستا تۆپه‌كه له‌ساحه‌ى حكومه‌تدایه، ئه‌گه‌ر موچه دابین بكرێت، ئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه مامۆستایان خه‌مى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده ده‌خۆن‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ك جه‌ختیكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر له‌وڵاتێكدا بوینایه یاسا سه‌روه‌ر بوایه، ده‌بوایه سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت‌و وه‌زیرانى په‌روه‌رده‌و دارایی بدرانایه دادگا، چونكه زیانێكى گه‌وره‌یان به‌ملیۆنێك‌و 800 هه‌زار خوێندكار گه‌یاندو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌یان په‌كخست".