پارتى لەترسى ئەو هەنگاوە کەوتۆتە جوڵە.. بەشێک لەیەکێتى هەوڵ دەدات فراکسیۆنەکەیان لەبەغدا بچێتە ناو هاوپەیمانیەتى هیوا

کوردستان

16/01/2021‌ 4936 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشێک لەیەکێتى دەیەوێت فراکسیۆنەکەیان لەبەغدا بچێتە ناو هاوپەیمانیەتى هیوا و پارتیش ترسی لەو هەنگاوە هەیە.

هەفتەى رابردوو گروپی ١٥ هاوپەیمانییەتیەکیان لەپەرلەمانى عێراق بەناو "هاوپەیمانى هیواى کوردستانی" راگەیاند کە لە فراکسیۆنەکانى گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ و ئایندەو سەربەخۆکان پێکهاتوون.

لەگەڵ راگەیاندنى ئەو هاوپەیمانییەتیە پارتی دیموکراتى کوردستان شاندێکى ناردە بەغدا، دواتریش یەکێتى بەسەرۆکایەتى لاهور شێخ جەنگى سەردانى بەغدای کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەى لەسەرچاوەیەکى کورد لە بەغداوە دەست شارپرێس کەوتووە شاندى پارتى لەگەڵ لایەنە سیاسیە شیعەکان رایانگەیاندوە، پارتى حکومڕانى سەرەکی هەرێمەو پێویستە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ کورد لەرێگەی ئەوانەوە بێت، بەڵام لەبەرامبەردا لایەنە شیعەکان ئەوەیان رەتکردوەتەوە.

بەوتەى سەرچاوەکەى شارپرێس لایەنە شیعەکان  رایانگەیاندوە، ئەوان پەیوەندی دێرینیان لەگەڵ یەکێتى هەیەو ناتوانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو حزبە داببڕن، هاوکات راشیانگەیاندوە لەئێستا هاوپەیمانیەتى هیوا دروست بووە کە لە فراکسیۆنى کاریگەر پێکهاتوون و رۆڵی گرنگیان هەیە لەپەرلەماندا، بۆیە ئامادەن کاریان لەگەڵ بکەن.

لەلایەکى ترەوە سەرچاوەیەک لەناو یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەشارپرێسى راگەیاند، بەشێک لەیەکێتى و فراکسیۆنەکەشیان لەبەغدا لەگەڵ ئەوەدان بچنە ناو هاوپەیمانیەتى هیواو سەرۆکایەتى ئەو هاوپەیمانیەتییە بگرنە دەست و لەبەرامبەر پارتیدا بوەستنەوە.

ئەو سەرچاوەیەی یەکێتى کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەشى خستەڕوو، لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانیەتى هیوا بکرێت، بەڵام پارتى بەو هەوڵەى زانییوە لەچەند لایەکەوە خەریکى ئەوەیە شکست بەو هەنگاوە بهێنێت، چونکە ئەگەر ئەوە سەربگرێت ئەوا پارتى دەبێتە کەمینەی کورد لەپەرلەمانی داهاتووی عێراق بەوەش ئەو نوێنەرایەتییە لەدەست دەدات کە چەند ساڵێکە لەبەغدا قۆرخى کردوە.

وەک سەرچاوەکە ئاشکرای دەکات لایەنە شیعەکان بە شاندی پارتیان راگەیاندوە، ئەگەر یەکێتى و هاوپەیمانیەتى هیوا یەکبگرن ئەوا ئێوە دەبنە کەمینەو پرسى نوێنەرایەتى هەرێم دەکەوێتە دەستى ئەوان، بەڵام شاندی پارتى دڵنیاییان دەربڕیوە کە لەگەڵ یەکێتى پەیوەندیان زۆر باشەو ئەگەر بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتوو نەکەن، ئەوا یەکێتى لەگەڵ هاوپەیمانیەتى هیوا یەکناگرن.

ئەم ترسەى پارتى هاوکاتە لەگەڵ ئەوەى کە لەناوخۆی هەرێم شاندێکى بۆلای لایەنە سیاسیەکان پێکهێناوە تاکو لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بەیەک لیست بەشدارى بکەن، هاوکات نێچیرڤان بارزانیش سەرۆکى هەرێم ئامادەکارى بۆ کۆبوونەوەى لایەنە سیاسیەکانى هەرێم دەکات بۆ هەمان مەبەست.

س.هـ