پیاوێکی ئەمەریکی دوای بەسەربردنی 70 ساڵ لەزیندان ئازادکرا

هەمەڕەنگ

19/02/2021‌ 1388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریکی، کۆنترین زیندانی ئەمەریکی دوای بەسەربردنی نزیکەی ٧٠ ساڵ لەپشتی شیشەکانی زیندان، دواجار توانی هەوای ئازادی هەڵبمژێت و لەزیندان بێتەدەرەوە.

جۆ لیگۆنی تەمەن ٨٣ ساڵ، ئەوکاتەی تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بوو، بەهۆی بەشداریکردنی لە پرۆسەیەکی دزیکردن دەستگیرکرا کە لەساڵی ١٩٥٣ روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و شەش کەسی تریش بریندار بوون.

لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا لیگۆن دانی بەوەداناوە کە چەقۆی لەیەکێک لە قوربانییەکانداوە و برینداری کردووە، بەڵام جەختی کردۆتەوە کە هیچ کەس لەسەر دەستی ئەو نەکوژراوە، بەڵام دادگا بە تاوانی کوشتن لە پلەی یەکەم تۆمەتباری کرد و سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپاند.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، حاکمی ویلایەتی پەنسلڤانیا بڕیاری لێخۆشبوونی مەرجداری خستە بەردەمی لیگۆن و هاوڕێکانی، هەرچەندە دوو لە هاوڕێکانی ئۆفەرەکەیان قبووڵکرد و ئازادکران، بەڵام لیگۆن ئازادبوونی مەرجداری رەتکردەوە و رەتیکردەوە لەژێر چاودێریدابێت.

لەساڵی ٢٠١٧، لیگۆن جارێکی تر ئۆفەرێکی دادگای باڵای ئەمەریکای بۆ ئازادکردنی مەرجدار رەتکردەوە بەوپێیەی ئەو جۆرە هاتنەدەرەوە لە زیندان ئەو جۆرە ئازادییەی پێنابەخشێت کە چەندین دەیەیە خەونی پێوەدەبینێت.

دواجار برادلی بریدج، کە ماوەی ١٥ ساڵە پارێزەری لیگۆنە، توانی بڕوا بە دادگا بهێنێت کە بریکاردەرەکەی دەستی لەکوشتنی هیچکەسێکدا نەبووە، جگە لەوەی ئەو منداڵەی لەساڵی ١٩٥٣ تاوانێکی ئەنجامداوە ئێستا بوونی ئەو کەسە نەماوە، بۆیە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ بڕیاری ئازادکردنی بێمەرجی لیگۆن دەرچوو، لەمدواییەش لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەیەکجارەکیی لەزیدان هاتەدەرەوە، بەپێیەی زۆر تەمەندا چووە و هیچ مەترسییەکی لەسەر کەس نەماوە.

لای خۆیەوە لیگۆن وتویەتی: من ئێستا کەسێکی پێگەیشتووم و چیتر منداڵێک نەماوم، بەشێوەیەک نەوەک هەر پیاوێکی پێگەیشتووم، بەڵکو بەتەواوەتیی پیربووم.

لەبارەی ئەوەی چی هەستێکی هەیە کە دوای ٧٠ ساڵ زیندانیکردنی هاتۆتە دەرەوە وتویەتی: بەراستی هەستێکی خۆشم هەیە.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی