لیژنەی دارایی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم دەداتە دەست سەرۆک کوتلە سیاسیەکان

کوردستان

04/03/2021‌ 1949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، مادەی پەیوەست بەپشکی هەرێمی لەناو بودجە خراوەتە بەردەم سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان بۆئەوەی یەکلایی بکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، هەموارکردنەوەی لیژنەکە دەکەوێتەسەر بۆچونی سەرۆک کوتلەکان، ئەگەربێت‌و لەسەر هەموارێک ڕێکنەکەون ئەوە ئەو دەقە لەپەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە کە حکومەت دایناوە.


جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەکە لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لیژنەی دارایی لەسەر هەموارکردنەوەی دەقی تایبەت بەهەرێم، ناچار بوە تۆپەکە بخاتە گۆڕەپانی سەرۆک کوتلە سیاسییەکانەوە تاوەکو لەئایندەیەکی نزیکدا کۆببنەوەو ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە"، هەروەک پێشبینیشیکردوە دانیشتنی تایبەت بەدەنگدان بەیاسای بودجە بکەوێتە هەفتەی داهاتووەوە.

کۆچەر ئەوەشی وتوە:"لیژنەی دارایی ئەو دەقەی حکومەت لەسەر پشکی هەرێم لەناو ڕەشنوسی بودجەی داناوە وەک خۆی ڕەوانەی سەرۆک کوتلە سیاسییەکانی کردوە تاوەکو لەسەر داڕشتنێک ڕێکبکەون کە ڕەزامەندی هەمولایەنەکانی لەسەربێت، ئەگەرنا ئەوە بودجەو دەقی حکومیی تایبەت بەهەرێم وەک خۆی ڕەوانەی پەڕلەمان دەکرێت بۆئەوەی بەزۆرینەی پەڕلەمانیی تێپەڕێنرێت".

لەوچوارچێوەیەدا ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاندوە، هێشتا لەسەر پشکی هەرێم لەناو بودجە ڕێککەوتن نەکراوە، کە ئەوانیش مادەکانی 10و 11ی پڕۆژەیاسای بودجەیە، ئەگەرنا مادەکانی تر هیچ ناکۆکییەکی ئەوتۆ لەسەریان نەماوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی