پەیامەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا ئەردۆغانیان ترساندووە

جیهان

05/03/2021‌ 4447 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگای (بەرگریكردن لە دیموكراسی) ئەمریكی ئەوەی ئاشكرا كردووە كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بە هۆی ئەو نامانەی كۆنگرێسمانە دیموكرات و كۆمارییەكان ئاراستەی جۆ بایدن- یان كردووە، تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووە، كۆنگرێسمانەكان داواكارن فشاری زیاتر بخرێتەسەر توركیا بە هۆی پێشێلكارییەكانی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.

پەیمانگاكە باسی لەوەش كردووە كە دڵەڕاوكێیەی ئەردۆغان وای لێكردووە پلانێك ڕابگەیەنێت بۆ پارێزگاریكردن لە مافەكانی مرۆڤ، ئەو لەوبارەوە ڕایگەیاندووە كە كار لەسەر 393 پێشدەستی چاكسازی دەكەن لە بواری مافەكانی مرۆڤدا.

پەیمانگای ناوبراو هۆشداری داوەتە ئیدارەكەی بایدن كە بەو قۆرتوقولاپ و جوڵە گاڵتەجاڕییانەی ئەردۆغان فریونەخوات و هەڵنەخەڵەتێت، باوەڕ بە ڕاگەیاندنەكەی ئەردۆغان نەكات كە وتویەتی پلانێكی كاری تایبەتیان هەیە لە بواری مافەكانی مرۆڤدا،چونكە لەو ئانوساتەی ئەردۆغان ئەو پێشدەستییەی ڕاگەیاندووە، حكومەتەكەی خەریكی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییە بۆ وەرگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانی لە 21 پەرلەمانتاری كورد.

مانگی پێشوو دادگای باڵای  تێهەڵچوونەوە توركیا فرمانی بەندكردنی بەسەر عومەر فاروق جرجرلی ئۆغڵۆ- دا سەپاند كە پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی مرۆڤە، تەنیا لەبەر ئەوەی ئۆغڵۆ 5 ساڵ لەمەوبەر لە تویتەر وتارێكی نوسیووە، هەروەها ئۆغڵۆ لە دیسەمبەری 2020 دا وەزیری ناوخۆی توركیای بە  كەسێكی تیرۆرست لە قەڵەمداوە.

پەیمانگاكە ئەوەشی دووپات كردۆتەوە كە كە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی دەرەوە، پێویستە ئیدارەكەی بایدن ڕێوشوێنی كردەیی دژ بە حكومەتەكەی ئەردۆغان بگرێتەبەر بە هۆی ئەو پێشێلكارییانەی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا ئەنجامی داون.

ماوەیەك لەمەوپێش 170 كۆنگرێسمان لە دیموكرات و كۆمارییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمریكا نامەیەكیان ئاراستەی ئەنتۆنی بلینكن- ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە و داوایان لێكردووە واشنتۆن سەبارەت بە پرسی پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ هەڵوێستێكی سیاسی توند دژ بە توركیا بنوێنێت.

لەم دوایانەشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ڕاگەیاندووە كە پلانێكی تایبەت بۆ ماوەی دوو ساڵ سەبارەت بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دادەڕێژن كە بریتییە لە بەڵگەنامەیەك كە لە 9 تەوەر و 50 ئامانج و 393 چالاكی پێكدێت، هەروەها لیژنەیەكی بەدواداچوون بۆ مافەكانی مرۆڤ پێكدێنن و دامەزراوەی تایبەتیشی بۆ دروست دەكەن، هەموو ئەمانەش دوای ئەو ئابڕووچوونە هات كە لەم دوایەدا بەندیخانەكانی توركیادا ڕوویاندا و بەندییەكان بە ڕووت و قوتی پشكنراون، حكومەتەكەی توركیاش دانی بەو تۆمەتەدا نەناوە و ڕەتیكردۆتەوە.

پێگەی ئەلەكترۆنی: تركیا الآن
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر