ئەوروپا هێشتا لەڤاکسینەکەی ڕوسیا دڵنیانییە

تەندروستی

09/03/2021‌ 1493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی گەورەی ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی هانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایداوە کە ڕێگە بەبەکارهێنانی ڤاکسینی "سپۆتنیک-ڤی"ی ڕوسی لەناو وڵاتانی یەکێتییەکە نەدەن تاوەکو پێداچونەوە بەداتاکانی ڤاکسینەکە تەواو دەبێت.


کریستا ویرسومەر هوش سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی بەتەلەفزیۆنی "ئۆ ئار ئیف"ی نەمسایی ڕاگەیاندوە، "ڕێنمایی دەدەم ڕێگەپێدانی بەپەلە بەڤاکسینی سپۆتیک-ڤی ڕوسی نەدەن، لەبەرئەوەی هێشتا لەبارەی ڤاکسینەکەوە هیچ داتایەکمان لەبەردەستدانییە پێداچونەوەی بۆ بکەین، جگەلەوەی نازانین کێ به‌و ڤاكسینه‌ کوتراوەو ئەنجامەکانیشى چۆن بون".

جەختیشیکردۆتەوە، "دوای پێداچونەوە بەداتاکانی تایبەت بەقۆناغەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینە ڕوسییەکەو دوای دڵنیابونەوە لەسەلامەتیی‌و کاراییەکەی، دەکرێت لەناو ئەوروپادا ڕێگە بەبەکارهێنانی بدرێت".

لەناو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، هەرسێ وڵاتی مەجەڕو سلۆڤاکیا‌و چیک، هەڵسەنگاندن بۆ ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی ڕوسی کردوەو ڕەزامەندی بەکارهێنانیشیان داوە.

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن:"ئەگەربێت‌و چوار وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە داوابکەن، ئەوە دەکرێت بڕۆکسل لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینە ڕوسییەکە دەست بەدانوستان بکەن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی