شەربەتی پرتەقاڵ ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات

تەندروستی

04/04/2021‌ 349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژانەمی "زە سەن"ی بەریتانی، زانا ئەمەریکییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوکەسانەی شەربەت پرتەقاڵ دەخۆنەوە بەراورد بەوانەی ئەو جۆرە شەربەتە ناخۆنەوە، بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ زیاتر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێستیان هەیە.

لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن زانکۆی ئیندیانا بلوومنگتۆنی ئەمەریکییەوە کراوە دەڵێت: ئەوانەی رۆژانە پرتەقاڵێک زیاتر دەخۆن، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێستیان بەڕێژەی لەسەدا ٧٩ زیاد دەکات، ئەوانەشی رۆژانە کوپێک زیاتر شەربەتی پرتەقاڵ دەخۆنەوە بەراورد بەوانەی نایخۆنەوە، بەڕێژەی لەسەدا ٥٤ مەترسیی تووشبوون بەو نەخۆشییەیان هەیە.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، کە مزرەمەنییەکان ماددەیەکیان تێدایە بەناوی سورالین کەوادەکات پێست بەرانبەر بە تیشکی خۆر هەستیارتر بێت، کە لەئەنجامی بەرکەوتنی بە تیشکی سەروو بنەوشەیی دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست.

هەروەک کۆمەڵەی بەریتانی بۆ نەخۆشییەکانی پێست کە لێکۆڵینەوەکەی بڵاوکردۆتەوە دەڵێت: ئەو کەسانەی لەناو خێزانەکەیاندا تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست هەیە، واباشترە لە خواردنی شەربەتی پرتەقاڵ دووربکەونەوە.

هارییت دالوود وتەبێژ بەناوی کۆمەڵەکە دەڵێت " مزرەمەنییەکان، بەتایبەتی پرتەقاڵ و شەربەتەکەی لەسەر ئاستێکی فراوان لە وڵاتی بەریتانی بەکاردەبرێت، بۆیە ئەو لێکۆڵینەوەیە یارمەتیی پزیشکان دەدات راوێژی پێویست بدەنە ئەو نەخۆشانەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە بەهۆی بوونی ئەو نەخۆشییە لەناو خێزانەکەیاندا، بەوەی خواردنی ئەو میوەیە کەمبکەنەوە".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی