هەواڵێکی خۆش بۆ توشبوانی شێرپەنجە

تەندروستی

05/04/2021‌ 2953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمێکی توێژینەوەیی زانکۆی "هارڤارد" لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، جۆرە ڤاکسینێکیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت وەڵامدانەوەی بەرگری دژ بەنەخۆشیی شێرپەنجەی پێست دروستبکات.


بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی زاناکانی هارڤارد کردوویانەو لەگۆڤاری "نیچەر میدیسن"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "پشکنین بۆ هه‌شت کەس کراوە کە پێشتر لەڕێگای نەشتەرگەرییەوە لووە شێرپەنجەییەکانی پێستیان بۆلابراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی ئەوەیان لەسەربووە نەخۆشییەکەیان لێ هەڵبداتەوە".

بەڵام دوای کوتانیان بەڤاکسینێکی ئەزموونی بەناوی "نیۆڤاکس"، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە جەستەی سەرجەم نەخۆشەکان وەڵامدانەوەی بەرگریان دژ بەنەخۆشییەکە درووستکردووە کە ڕەنگە بۆماوەی چەند ساڵێک بەردەوامبێت.

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینەکە وادەکات سیستەمی بەرگری جەستە خانەی تایی دژە لووەکان درووستبکەن، کە یارمەتیی سیستەمی بەرگری جەستە دەدات بۆماوەیەکی دوورودرێژ بەرگری دژە بەنەخۆشییە هەوکردنەکان‌و نەخۆشییە خود بەرگرییەکان درووستبکات.

لەوبارەیەوە پاتریک ئۆت پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانکۆی هارڤاردو یەکێک لەبەشدارانی لێکۆڵینەوەکە بەڕۆژنامەی "هارڤارد گازێت"ی وتووە، "هەندێک بازدانی هاوبەشمان لەنێوان نەخۆشەکاندا دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەوەی لێکۆڵینەوەکە پێیگەیشتووە لەڕاستیدا ناوازەیە".

ئه‌وه‌شى ڕونکردۆتەوە، ئەو ڤاکسینانە "کەسیین"، بەو واتایەی هەریەکەی بەتایبەت بۆ یەک نەخۆش پەرەی پێدراوە، هەر لەبەرئەو تایبەتمەندییە پێکوتەکان بەخێرایی ئامادەنابن.

لەگەڵ ئەوەی ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دڵخۆشکەرن، بەڵام ئەمە مانای وانییە ڤاکسینەکە لەسەر هەموو ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست‌و جۆرەکانی تری شێرپەنجەبوون کاردەکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، قەبارەی سامپڵەکە کە لەهەشت کەس پێکهاتووە زۆر بچووکە، بۆیە ناتوانرێت لەبارەی کارایی ڤاکسینەکە هیچ جۆرە ئەنجامێکی کۆتایی بەدەستەوە بدات.

ئێستا تیمی توێژینەکە بیر لەوەدەکەنەوە گۆڕانکاریی بەسەر ڤاکسینەکەدا بهێنن، بەشێوەیەک لەسەر جۆرەها نەخۆشی شێرپەنجەو چەند قۆناغێکی ئەو نەخۆشییە تاقی بکەنەوە.