سەرۆکی هۆنگ کۆنگ دەبێتە بێژەری تەلەفزیۆن

هەمەڕەنگ

29/04/2021‌ 841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی هۆنگ کۆنگ ئاشكرایكرد، لەمەودوا بەرنامەیەک لەتەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەكه‌یدا پێشکەشدەکات‌و تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە دەکات کە لەسەر پێشنیازی چین بەسەر سیستەمی هەڵبژاردنی ئەو هەرێمە نیمچە سەربەخۆیەدا دێت.


کاری لام سەرۆکی هۆنگ کۆنگ لەڕێگای هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاشکرایکردووە، لەتۆڕی تەلەفزیۆن‌و ئێزگەی هۆنگ کۆنگ، بەرنامەیەکی هەفتانە پێشکەشدەکات کە ماوەی نیو کاتژمێر بەردەوامدەبێت‌و دواتر بەرنامەکە ڕۆژانە چوار جار بڵاودەکرێتەوە.

لام وتویەتی:"لەگەڵ میوانەکاندا گفتوگۆ لەسەر بڕگەی یەکەم‌و دووەمی دەستووری هۆنگ کۆنگ دەکەین كه‌ لەلیژنەی هەمیشەیی کۆنگرەی گەلی نیشتیمانیی ڕەزامەندی لەسەرداوە، ئەویش لەپێناو باشکردنی سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی هۆنگ کۆنگ".

هەفتەی ڕابردوو، ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور حکومەتی ئەو هەرێمەی تۆمەتبارکرد کە هەڵمەتی چاوترسێنکردن دژ بەتۆڕەکە بەڕێوەدەبەن‌و دەیانەوێت ئازادی کارکردنی لێ سنووردار بکەن.

پێشتریش لیژنەی هەمیشەیی کۆنگرەی گەل بەکۆی دەنگ بڕیاریدابوو ژمارەی ئەو کورسیانەی دەنگدەرانی ئاسایی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەڵیدەبژێرن، بۆ 20 کورسی کەمبکرێتەوە.