ناڕێکی خەو لەلای منداڵ.. کەی پێویستی بەسەردانی پزیشک هەیە؟

تەندروستی

03/05/2021‌ 417 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕابیتەی ئەڵمانیی بۆ پزیشکانی منداڵ‌و هەرزەکاران دەڵێت، "ئاساییە ناوبەناو منداڵان تووشی تێکچوونی سیستەمی خەویان ببن‌و بەقورسی خەویان لێبکەوێت"، دەشڵێت:"جەستەی منداڵ توانای ئەوەی هەیە لەڕێگای خەوێکی چڕەوە قەرەبووی کەمخەوییەکەی بکاتەوە".

رابیتەکە دەڵێت:"بەڵام هەندێک حاڵەتی بەسەختی خەوتنی منداڵان وەک گرفتێکی تەندرووستیی سەیری دەکرێت‌و پێویستی بەڕاوێژی پزیشک هەیە".

حاڵەتەکانیش بەمجۆرەن:
منداڵەکە هەژماردەکرێت بەوەی بەدەست ناڕێکی خەوەوە دەناڵێنێت ئەگەرهات‌و تەمەنی لەسەروی یەکساڵەوە بێت‌و بۆ خەوتن پێویستی بەزیاتر لەنیو کاتژمێر هەبێت، بەشێوەیەک لەماوەی مانگێکدا هەموو هەفتەیەک پێنج شەو ئەو حاڵەتەی هەبێت.

منداڵەکە واهەژماردەکرێت کە ناتوانێت ماوەی پێویست بخەوێت، ئەگەرهات‌و شەوانە سێجار یان زیاتر هەستایەوەو ماوەی نیو کاتژمێر بەئاگابوو، حاڵەتەکەش بۆماوەی مانگێکی تەواو بخایەنێت‌و لەهەفەتەیەکدا پێنج شەو ڕووبدات.

دەکرێت ناڕێکی خەوی منداڵ بۆهەندێک نەخۆشیی ئەندامیی بێت وەک هەوکردنی گوێی ناوەڕاست یان ئەستووربوونی ڕێڕەوی هەناسە هەندێک نەخۆشیی دەروونیی تری وەک دڵەڕاوکێ‌و ترس، لەبەرئەوە پێویستە حاڵەتەکە دەستنیشانبکرێت‌و لەزووترینکاتدا چارەسەری پێویستی بۆ دابنرێت.

و: ئاکۆ ئاڵی