فراكسیۆنى یه‌كێتى چه‌ند پرسێك ده‌وروژێنێت‌و هۆشداریده‌درێت لەفەشەلی هەڵبژاردن

کوردستان

17/05/2021‌ 5704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاشكرایده‌كات، لەئێستاوە ئاماژەکان دڵخۆشکەرنین بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تشرینی داهاتوو، ده‌شڵێت:"پێدەچێت ببێتە سەرەتای تەقینەوەی یەکجاری ململانێی ناوەکی ڕکابەرە سەرەکیەکان‌و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی زلهێزەکانی دەرەکی"، ڕاشیگه‌یاند، "نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەعیراق هۆشداریداوه‌ لەفەشەلی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا".


د.به‌ختیار شاوه‌یش وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌فه‌یسبوكى خۆى نوسیویه‌تى:"هەرلەئێستاوە ئاماژەکان دڵخۆشکەرنین بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تشرینی داهاتوو، پێدەچێ ببێتە سەرەتای تەقینەوەی یەکجاری ململانێی ناوەکی رکابەرە سەرەکیەکان و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی زلهێزەکانی دەرەکی".

وه‌كو ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "کۆکردنەوەی چه‌ند فاکتێك ڕاستی قسەکانی سەرەوە زیاتر دەردەخات بۆ نمونه‌، جنین بلاسخارت نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەعیراق، سێشەممەی ڕابردوو لەئەنجومەنی ئاسایش هۆشداری لەفەشەلی هەڵبژاردنی پێشوەختەداو وتویه‌تى بەم دۆخە ئەمنیەوە هەڵبژاردنی پێشوەخت شکستدەهێنێت".

په‌یامه‌كه‌ى جنین دواى ئه‌وه‌هات، ئیهاب ئەلوەزنی چالاکوان لەکەربەلا تیرۆرکراو شەوی دواتر خۆپیشاندەران بینای سەفارەتی ئێرانیان هەر لەوێ سوتاند، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە بلاسخارت بەعەرابی هەڵبژاردنی پێشوەخت دادەنرێ لەدوای خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019.

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، لەئێستاوە سەدریەکان دەڵێن 10% سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەئێمە دەبێت، ئەمەش بەمانای  تەقینەوەی ناکۆکیەکانی ناو ماڵی شیعە، له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزە حەشدیەکانی نزیک ئێران، بەم پەیامەی سەدریەکان ڕازی نین‌و جاروبار لەسەر شەقامەکانی بەغدا باسکی هێزیان نمایشدەکەن‌و دەڵێن ئامادەی شەڕین.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ وه‌كو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌ى پێكردوه‌، دواى ئه‌و پرسانه‌، بەپەلە عەمار حەکیم بژاردەی بەهێزی بایکۆتی هەڵبژاردنی لەناو ماڵی شیعە وروژاندو لەولاشەوە هەر لەئێستاوە حەلبوسی‌و جەماعەتەکەی تەپڵ بۆ سەرۆک کۆماری لێدەدەن.

چاودێرانیش پێیانوایه‌ ئه‌و ته‌پڵ كوتانه‌ى حه‌لبوسى بەمانای تەقینەوەی تەواوەتی ناکۆکی لایەنە سونیەکان دێت بەتایبەت لەنێوان خەمیس خەنجەرو محه‌مه‌د حەلبوسی.

هه‌روه‌ك زۆرێكیش پێیانوایه‌، لەهەردوو تابلۆ شیعی‌و سونیەکەوە، پاشەکشەی خۆکاندیدکردنی ئەو چالاکوانانەی لێکەوتۆته‌وه‌ کە لەمەیدانی تەحریر داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی‌و گۆڕینی دەستوورو دەرکردنی دەستی دەرەکیان دەکرد.

به‌بڕواى وته‌بێژى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌به‌غدا، "له‌م نێوه‌ندا کورد تەنها ناوی کاندیدەکانی ئاشکراکردوەو ڕۆڵی تەماشاکەر دەبینێ، بەڵام دەست هەڵدەگرێ لەسەرۆک کۆماری؟! ئەمەیان ماویەتی لێی بگەین، بەڵام هەڕەشەشی لەسەرە، ئەرێ بەڕاست ئەگەر هەر لەئێستاوە شیعەکانی سەدر سەرۆک وەزیران‌و سونەکانی حه‌لبوسی سەرۆک کۆماریان بۆخۆیان مسۆگەرکردوە، ئیتر هەڵبژاردن چی مەغزایەک هەڵدەگرێ، جگە لەتەقینەوەیەکی پێشوەختی ناکۆکیەکان".

ش.هـ