ئیسرائیل هێرشى زه‌مینى ده‌كاته‌ سه‌ر فه‌ڵه‌ستین؟

جیهان

18/05/2021‌ 1794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیلی بڵاویانکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی سیاسیی‌و ئەمنیی بچوککراوەی ئیسرائیل (کابینێت) لەکۆبونەوەی ڕۆژی یەکشه‌ممەدا باسی لەڕازیبون بەڕاگەیاندنی ئاگربەست کە کەرتی غەززە نەکردوەو بڕیاریداوە پرۆسە سەربازییەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوامبن، بەڵام سەرچاوە سەربازیی‌و ئەمنییەکان دەڵێن ئیسرائیل نیازی هەیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هەوڵی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ حەماس بدات.


لەماوەی ڕابردوودا، هەریەک لەدەستەی پەخشی ئیسرائیل‌و ڕۆژنامەی "مەعریب" بڵاویانکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی سیاسیی‌و سەربازیی بچووکراوەی ئیسرائیل (کابینێت) باسی لەپێشنیازی ئاگربەستێکی درێژمەودا نەکردووە، هەروەک میدیاکانی ئەو وڵاتەش لەزاری بەرپرسێکی سیاسیی ئەوە وڵاتەوە ئاشکرایکرد، هیچ پێشنیازێک بۆ ئاگربەست لەگەڵ حەماس لەئارادانییە، بەڵکو بەلای ئیسرائیلەوە بابەتی دیل‌و شوێنبزربووەکانی ژێر دەستی حەماس ڕەگەزێکی گرنگی دانوستانەکان دەبێت.

چاودێران پێیانوایە، ئەو لێدوانە مانای وایە ئیسرائیل نایەوێت هاوشێوەی پێشوو ئاگربەستێکی کورتمەدا ڕابگەیەنێت، بەڵکو چاوی لەئاگربەستێکی درێژمەودایە کە لەڕێگایەوە سەربازە ڕفێنراوەکانی بگێڕێتەوە کە لەساڵی 2014وه‌ لەژێر دەستی بزووتنەوەی حەماسدان.

لەماوەی ڕابردوودا، لەپاڵ هەوڵەکانی ئەمریکاو میسر، هەریەک لەنەتەوەیەکگرتووەکان، ڕووسیاو قەتەر لەپێناو گەیشتن بەئاگربەست لەغەززە دەستیان بەجوڵەکردووە، هەروەک پێگەی "واللا"ی ئیسرائیلی باسی لەوەکردووە، بۆچوونی دەزگای ئاسایشی ئیسرائی ئەوەیە کە ئامانجە ویستراوەکان لەناو غەززە پێکراون، بۆیە بەردەوامبوون لەسەر هێرشکردن، واتای ئەوەی دەبێت هێرشی وشکانیی ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەلای زۆرینەی بەرپرسە سیاسیی‌و سەربازییەکانەوە پشتیوانی ناکرێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئیسرائیلیش بەڕۆژنامەی "مەعاریف"ی وتووە، "دەبێت هەوڵ بۆ ئاگربەستێک بدەین کە تێیدا هێڵی سوور بۆ حەماس دیاریبکرێت، دەبێت ئەو دۆخە بقۆزینەوە بۆئەوەی دیلەکانمان وەربگرینەوە".

درووستبوونی ئەو ئاراستەیەی ناو ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوای زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان‌و تێکچوونی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە دێت، لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "هائارێتس" باسی لەوەکردووە، لەهەموو ئەو فاکتەرانە وایانکردووە ئەگەری زۆربێت لەم هەفتەیەدا ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.

هەروەک ئەلێکس فیشمان شرۆڤەکاری سەربازیی بەڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت"ی ڕاگەیاندووە، "ئەگەر ڕووداوێکی نوێ نەیەتەپێش، ئەوە لەم هەفتەیەدا ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت، بەتایبەت کە پێشتر حەماس تۆپەکەی خستە گۆڕەپانی سوپای ئیسرائیل‌و ڕایگەیاند، بۆ ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەکان ئامادەیە".

و: ئاکۆ ئاڵی