بۆچی یەکێتی‌و گۆڕان شەڕ لەسەر شارەکەیان ناکەن؟..پڕۆژەکان لەنێوان زۆنه‌كانى سەوزو زەرد دا

کوردستان

19/05/2021‌ 2430 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کابینەی نۆ، کابینەیەکی خزمەتگوزار دەبێت، ئەمە دروشمی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە سەروەختی پێکهێنانی کابینەی حکومەتەکەی، ڕەنگە لەمێژووی حکومەتەکانی ڕابردووی هەرێم، هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆ پێداگر نەبوبێت لەوەی، دەبێت حکومەت بەبێ جیاوازیی خزمەتی شارەکانی هەرێم بکات، بەڵام ئاخۆ ئەو دروشمە بووە کردار؟ یان هاوشێوەی سەدان هەزار بەڵێنی ڕابردوو بووە هەڵم؟

لەچەند مانگی ڕابردووەوە حکومەتی هەرێم و بەدیاریکراویش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، دەستیکردووە بە دانانی بەردی بناغە و کردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە بەبێ جیاوازیی خزمەتبکرێن و لە پڕۆژەکان بێبەش نەکرێن، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، پشکی شێری پڕۆژەکان بەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەکەون، بە دیاریکراوی بەر زۆنی زەرد، کە پارتی تیایدا حاکمە.

لەماوەی کارکردنی کابینەی نۆ دا لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، جگە لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی دیکە بۆ ئەو سنورانە جێبەجێنەکراوە، لەکاتێکدا ئەو پڕۆژەیەش لەکابینەکانی ڕابردوو بڕیاری لێدرابوو هەربۆیە وەک دەستکەوت بۆ ئەم کابینەیە بە تەنها هەژمارناکرێت، تەنانەت لە مەراسیمی دەستپێکردنی پڕۆژەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەدووری چەندین کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە، بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیەی دانا، کە چەندین ساڵ پێش ئێستا بەردی بناغەکەی دانرابوو.

ساڵانێکە دەنگە ناڕازییەکانی نێو یەکێتی و گۆڕان باس لەوەدەکەن، پارتی بەمەبەست پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سلێمانی جێبەجێناکات، بۆئەوەی دواتر خەڵکی سنوری قەڵەمڕەوی ئەو دوو حزبە، بەرامبەر یەکێتی و گۆڕان دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبڕن..... بەڵام پارتی ڕایەکی دیکەی هەیە و دەڵێت، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی هەبوون کە لەلایەن حکومەتەوە پارەی بۆ دابینکراوە، بەڵام لە سنوری پارێزگای سلێمانی پڕۆژەکان هیچی لێ سەوز نەبوە، یاخود پڕۆژەیەک زیاتر لە وادەی خۆی پێچووە و زیاتریش لەو پارەیەی بۆی دانراوە تێیچووە تا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی..

نوێترین دوو پڕۆژە کە مەسرور بارزانی خۆی لەنزیکەوە سەردانی کرد یەکێکیان پرۆژەی (تەلەفریکی چيای زاوا) لە شاری دهۆك کە بریتیە لە پرۆژەیەکی گەشتیاری و پێک هاتووە لە دوو وێستگەی سەرەکی تەلەفریک(لە ناوچەی شندۆخا و سەر چیای زاوا) و ئەوەی دیکەیان کارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنی ( ستیل ) لە شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین و گەورەترین کارگەکانی ئاسن لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.. ئەوەش لەکاتێکدایە هێشتا هیچ پڕۆژەیەکی گەشتوگوزاری حکومیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی نەکراوەتەوە، پەیوەست بە بواری پیشەسازیش، نەک کارگەی نوێ نەکراونەتەوە، بەڵکو رۆژ ە ڕۆژ کارگە گەورەو مامناوەندەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەرەو لەناوچون دەچن و پارێگای هەڵەبجەش خاڵییە لە کارگەی گەورەو بەرهەمهێنی دیار..

یەکێتی لەنێو کابینەی نۆ و لەپۆستە سیادییە باڵاکان پۆستەکانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانانی لەلایە، هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و دارایی لەلایە، هەرچوار پۆستەکەش کۆڵەکەی سەرەکی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، ئەو وەزیرانە لەو نادادیەی بەرامبەر سلێمانی دەکرێت بێدەنگن؟

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان لەنێو ئەنجومەنی وەزیران هێندەی شەرعیەت دەدەن بەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر سلێمانی دەکرێت، هێندە لە خەمی پارێزگاکەیاندا نین، کە سەرچاوەی سەرکەوتنیان بووە بۆ ئەو پۆستەی ئێستایان..

رۆژی ١٦ی ئەم مانگە دیمەنێک بە ڕوونی ئەو نادادییەی نیشاندا، کە بەرامبەر پارێزگای سلێمانی دەکرێت، ئەویش ئەوەبوو بۆردی رێکخراوە ژینگەیەکانى سلێمانى داوای لە حکومەت کرد بۆ پێنج ملیار دینار سلێمانى وشک نەکات .

بۆردەکە ئەوەی ئاشکراکرد ماوەی زیاتر لە 4 ساڵە لە كاتی هاتنی وەرزی ئاودان لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەندین بەیاننامە و داواكاریان ئاراستەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار و دەزگاكانی ڕاگەیاندن كردووە كە لە كاتی پێویستدا نەمام و درەختەكان ئاو بدرێن، بەڵام بە داخەوە ئەو گرفتە تا ئێستاش وەكو خۆی ماوەتەوە و چارەسەری ریشەیی بۆ نەدۆزراوەتەوە... خەرجنەکردنی 5 ملیار دینار بۆ سەوزایی سلێمانی لەکاتێکدایە، دروشمێکی کابینەی نۆ لە سەروەختی پێکهێنانیدا، گرنگیدانی زیاتر بوو بە بواری ژینگە، بەڵام ئەوەی لە دوورەوە تەماشای پارک و باخچەکانی سلێمانی بکات، ئەوەی بە خەیاڵدا دێت کە دواین شت گرنگی پێبدرێت سەوزایی و ژینگەیە..

شەڕی یەکێتی و گۆڕان لە کابینەی نۆ، هێندەی شەڕێک بوو بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی، هێندە شەڕ نەبوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری سلێمانی.
ئاخۆ خۆیان دەتوانن فریای زۆنی سەوز بکەون و نەهێڵن لە ڕوی لە گەشە بکەوێت یان دەسەوسان لیی دەدانیشن و تەماشای پاشەکشەی پارزیزگاکانیان دەکەن و هیچیان لە دەست نایەت بۆی...