زیادبونی خستنەڕوی نەوتی ئێران چی لەبازاڕی نەوتی جیهانیی دەکات؟

جیهان

05/06/2021‌ 887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئیزڤیستیا"ی ڕووسی بابەتێکی لەسەر کاریگەریی لابردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران‌و زیادبوونی ئاستی خستنەڕووی نەوتی ئەو وڵاتە لەسەر ئایندەی بازاڕی نەوت‌و نرخەکانی نەوتی خاو بڵاوکردۆتەوە.


لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕووسییەکەدا کە لەلایەن ئەلێکساندەر فرۆلۆڤ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگای وزەی نەتەوەیی ڕوسییەوە ئامادەکراوە باس له‌وه‌ده‌كات، "لەمانگی ئۆکتۆبەری رابردوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) پێشبینییەکانی خۆی سەبارەت بەنرخەکانی نەوت بڵاوکردەوە کە بەپێی ئەوە لەساڵی ٢٠٢٥ نرخی نەوتی خاو دەگاتە ٧١ دۆلاری ئەمریکی، کەچی هەر لەساڵی ٢٠٢١و بەر لەکۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئۆپیک، نرخی نەوت ئەو ئاستەی تێپەڕاند".

نوسەر دەڵێت:"نرخی ٧٠ دۆلار بۆ نەوت هەر تەنها وەک ئاماژەیەکی دەروونی گرنگ نییە، بەڵکو گرنگییەکەی لەوەدایە کە دەکرێت وەک لانیکەمی نرخی گونجاو بۆ وەبەرهێنان لەو کەرتە هەژماربکرێت".

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "پرسیاری هەرە سەرەکیی ئەوەیە کە ئایندەی نرخی نەوت لەژێر سایەی گۆڕانکاریی بەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت چی لێ بەسەر دێت؟،  یان ئایا گریمانەی ئەوە دەکرێت بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی نوێی پەتاکانەوە داواکاریی لەسەر کڕینی نەوت کەمببێتەوە؟".

نوسەر دەڵێت:"ئەگەربێت‌و وەڵام بۆ پرسیاری دووەم لەڕێگای کوتانی بەکۆمەڵەوە دەستبکەوێت، بەڵام دەستکەوتنی وەڵامی پرسیاری یەکەم ئەوەندە ئاسان نییە".

ڕاپۆرتی رۆژنامە ڕووسییەکە پێیوایە کە ئەمریکا یەکەم هۆکاری نیگەرانییەکانە سەبارەت بەنرخەکانی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکان، بەڵام لەکاتی قەیرانەکەدا بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە بەقەبارەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەرەسیهێناو گەیشتەوە ئەو ئاستەی کە نیو ساڵ پێش قەیرانەکە تێیدابوو، واتە بەرهەمهێنانی ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، وتوشیەتی:"پیشەسازیی نەوتی‌و غازی ئەمریکا توانای ئەوەی نییە بەخێرایی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکاتەوە، تەنانەت بەنرخەکانی ئێستاش".

هەرچی پەیوەستە بەئێرانەوە ئەوە هەڵگرتنی سزاکان‌و بەرزکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە بۆ بازاڕە جیهانییەکان وادەکات زیادە خستنەڕوو دروستبێت، بەڵام محەمەد بارکیندۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ئۆپیک باسى له‌وه‌كردوه‌، ڕێکخراوەکەیان پێشبینیدەکات بەرهەمهێنان‌و هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان بەشێوەیەکی ڕێکخراوبێت، لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندی خودی ئێرانیشدا نییە بەهۆی زیادخستنەڕووی نەوتەوە، نرخی نەوت بەشێوەیەکی گەورە داببەزێت، لەبەرئەوە پێشبینیدەکرێت ئێرانیش پابەندی ئەو پشکەبێت کە لەبازاڕی نەوتدا بۆی دیاریدەکرێت.