ڕوسیا: ئەمریکا هەستی جوداخوازی کوردانی سوریا دەجوڵێنێت

کوردستان

10/06/2021‌ 1849 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەمریکا تۆمەتباردەکات بەوەی بەو پارانەی لەتاڵاکردنی سەروەت‌و سامانی سوریا دەستیدەکەوێت، پشتیوانی زیادکردنی هەستی جوداخوازی لای کوردانی سوریای  پێدەکات.


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی "خوێندنەوەکانی بریماکۆڤ" وتویەتی:"بەردەوام جەخت لەوەدەکەینەوە کە بوونی ئەمریکا لەسەر خاکی سوریا نایاساییەو هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، بەتایبەت کە بوونی ئەو وڵاتە هاوکاتە لەگەڵ بەتاڵانبردنی سامانە سرووشتییەکانی کۆماری عەرەبیی سوریا".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا دەڵێت:"ئەمریکا بەرهەمی نەوت‌و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سوریا هەناردەی دەرەوە دەکات‌و بەداهاتەکەی هانی کەڵکەڵە جوداخوازییەکانی بەرەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەدات‌و یاری بەکێشەیەکی زۆر مەترسیدار دەکات، کە ئەویش کێشەی کوردە". 

لاڤرۆڤ جەختیکردۆتەوە، ئەو جۆرە یاریکردنە بەکێشەی کورد لەکۆتاییشدا بەشێوەیەکی خراپ کۆتایی دێت.

کۆڕبەندی "خوێندنەوەکانی بریماکۆڤ" لەساڵی ٢٠١٥وە لەلایەن پەیمانگای نیشتیمانیی بۆ لیکۆڵینەوە ئابوورییەکانی جیهان‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێکدەخرێت‌و بەناوی یەڤگینی بریماکۆڤی وەزیری دەرەوەو سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕوسیاوە ناونراوە.