زانیارى گرنگ لەبارەى بکوژی ئەندامەکەى هەدەپە لە ئزمیر ئاشکرا دەبێت

کوردستان

18/06/2021‌ 3185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سەڵاح خدر

پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە شاری ئزمیری تورکیا هێرشێکی چەکداری کرایە سەر بارەگای هەدەپە و ژنێکی ئەندامێکی ئەو پارتە بەناوی "دەنیز پۆیراز" ژیانی لەدەستدا، بەڵام هەرزوو ناسنامە و وێنەی هێرشبەرەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئاشكرا بوو.

ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە بەناوی ئۆنور گەنجەر چەندین وێنەی بەچەکی جۆراوجۆرەوە بڵاوبووەتەوە کە هەندێک لەوێنەکانی لە شارەکانی حەلەب و منبج و ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە گرتووە.

حکومەتی تورک وەک هەمیشە چۆن ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگاکانی هەدەپە وەک نەخۆش و ناساغی دەرونی بەناویان دەکات، هەوڵ دەدەن ئەم تیرۆرەش وەها بەناو بەرن.

والی دەوڵەتی ئزمیر یاوز سەلیم کۆشگەر دوێنێ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کەسی هێرشبەری وەک کارمەندێکی ئاسایی تەندروستی و مرۆڤێکی ماندوو نیشان دا کە گوایا کێشەی دەروونی هەیە، بەڵام هەرزوو بەشێک لە دانپێدانانەکانی هێرشبەر لە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئزمیر ئاشکرا بوو کە رایگەیاندوە" من پەیوەندیم بەکەسەوە نییە، تەنها ڕقم لە پەکەکەیە بۆیە ئەو هێرشەم ئەنجامداوە".

بە قسەکانی والی و هێرشبەردا دەردەکەوێت کە ئەو هێرشە بەپلان و بەرنامە کراوە.

لەلایەکى دیکەوە ئاژانسی دی دەبلیوی ئەڵمانی بەشێک لە ئیفادەی تاوانباری لەئاسایش بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەى بەوە کردوە کە ئەو هەر لە منداڵییەوە پلانی هەبوو کە چۆن کورد بکوژێت.

باسى لەوەشکردوە، لەسەرەتای ئەمساڵدا ناونیشانی بارەگای هەدەپەی لە ئزمیر دۆزییەوەتەوەو، پاشان بۆ چاودێریکردنی بارەگاکە چووەتە کۆرسی زمانی ئینگلیزی لە قاتی سەرەوەی هەمان ئەو بینایەدا بوو کە بارەگای هەدەپەی تێدایە. 

دەشڵێت بۆ ئەوەی بتوانم بێ کێشە چەک هەڵگرم لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا مۆڵەتی چەک هەڵگرتنم لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی غازی ئەمیری شاری ئزمیر وەرگرت، پاشان بایی سێ هەزار و ٥٠٠ لیرەی تورکی چەکم کڕی.

بکوژەکە باسى لەوەشکردوە، ١٠ فیشەکی نا بەبارەگای هەدەپەوەو ئامانجی ئەوە بوو کە چەند کەسێک لەوێ بکوژێت، بەڵام تەنها یەک کەس لە بارەگاکەدا هەبوو، ئەویشم کوشت.

بەپێی زانیارییەکان ئەو ڕۆژە بەڕێوبەرایەتی گشتی هەدەپەی ئزمیر کۆبوونەوەیان هەبووە، بەڵام بەهۆی هەندێکی کاری خۆیان کۆبوونەوەکەیان بۆ چەند کاتژمێرێک دواخستووە، ئەگەر نا چەند کەسی دیکە لەو هێرشەدا دەکوژران، ئەوەش دەریدەخات کە هێرشبەر زانیاری هەبووە لەسەر کۆبوونەوەکەیان و بەپێی ئیفادەکەی خۆی ئامادەکاری کردووە کۆمەڵکوژیەک ئەنجام بدات.

هەروەها چەند وێنەیەکی هێرشبەر ئۆنور گەنجەر لە حەلەب و منبج و شارەکانی دیکەی سوریا بەچەکەوە بڵاوبووەتەوە، پێدەچێت بەتایبەت لەگەڵ سوپای تورکیا کاری کردبێت و خەڵکى مەدەنى لە سوریا کوشتبێت.

لەمنبج بەچەکەوە لە بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکدا وێنەی گرتووە، ئەو چەکەشی کە بەدەستیەوەیە لە سوپای تورکدا لەلایەن کۆمپانیای هاوبەشی تورکیا و ناتۆ دروست دەکرێت و تیمە تایبەتەکانی سوپای تورک بەکاردەهێنن.

لە وێنەیەکیدا کەلەشاری دیلۆک (باتمان)ی باکوری کوردستان گرتوویەتی گەنجەر نوسیوویەتی، گەڕانەوەم بۆ سەر ئەرک،بەو قسەیەدا ئاشکرا دەبێت کە ناوبراو چەندین جار چووەتە سوریا و لەوێ مەشق و راهێنانی پێکراوە و ئەرکی جێبەجێکردووە، هەروەها چەند وێنەی بەچەکی جیاوازەوە لە شاری ئزمیر جێگەی هێرشەکە بڵاوبووەتەوە.

ڕۆژی ١٠ی ئایاری ئەمساڵ ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری ڕیزەی تورکیا لەبارەی هێرشی فاشیستەکان و لایەنەگرانی ئاکەپە بۆ سەر نەیارانی حکومەت گوتبووی، چاوەڕێ بکەن ڕۆژی ڕەشترتان لەپێشە.

دوو هەفتە بەرلەئێستاش مافیای هەڵهاتوو سەداد پەکەر کەبەساڵان کاری تیرۆری بۆ دەوڵەتی کردووە، هۆشداری لەم ڕووداوە دابوو و گوتبووی، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەندێک هێرش و شتی خراپ لە تورکیا ڕوو دەدەن، دوێنێش دوای هێرشەکە هەمان قسەی دووبارە کردەوە.

قسەکەی ئەردۆغان و پەکەر و ناسنامە و وێنەکانی هێرشبەر ئۆنور گەنجەر و دانپێدانانەکەی بەئاشکرا پەیوەندیەکانی ئەو لەگەڵ دەوڵەتی تورک و پیلانەکانیان دژ بە کوردان دەخاتە پێشچاو.

س.هـ