شارپرێس:
گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی ڤییەننا بەئامانجی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکی کۆتاییانهات، لەلایەکەوە شاندی ئێرانیو ڕوسییو ئەوروپییەکان گەشبینن بەوەی لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران بەمنزیکانە دەگەنە ڕێککەوتن، لەبەرامبەردا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا:"دەڵێت هێشتا چەندین کێشەی سەرەکیی لەنێوان ئێمهو ئێراندا بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە".
لەدوای لێدوانی عەباس عێراقچی گەورە ڕاوێژکاری ئێرانی بەوەی لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێران لەڕێککەوتن نزیکبوونەتەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "ئەی بی سی" ئەمریکی وتی:"هێشتا لەدانوستانەکاندا دوری نێوانمان زۆرەو چەندین بابەتی سەرەکیی چارەسەرنەکراون، لەوانە سزاکانو پابەندییە ناوەکییەکانی سەر ئێران، کە بەپێی ئەوە دەبێت ئێران بەڵێنیان لەبارەوە بدات".
سولیڤان جەختیکردۆتهوه، کاری هەرە لەپێشینەی وڵاتەکەی ئەوەیە ڕێگە نەدات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی.
لەچاوپێکەوتنێکی تردا کە لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" سازیکردبوو، جەیک سولیڤان لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەرکەوتنی ئیبراهیم ڕەئیسی لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران وتویهتى:"عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ئەوکەسەیە کە بڕیاردەدات ئێران بەکۆتوبەندکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی قایل دەبێت یان نا".
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانی لەبارەی ئەنجامی گەڕی شەشەمی دانوستانەکان وتی:"دوێنێ یهكشهممه دوا ڕۆژی گەڕی شەشەمی دانوستانە ناوەکییەکانی ڤییەننا بوون، ئێستا کاتی ئەوەهاتووە لایەنە بەشدارەکان بڕیاری کۆتایی خۆیان بدەن".
عێراقچی جەختیکردەوە، لایەنەکان لەهەمووکات لەوە نزیکترن کە لەسەر لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش ڕێکبکەون.
باسی لەوەشکردوه، چەند خاڵێکی سەرەکیی چارەسەرکراون، ئەو خاڵە سەرەکیانەشی کە هێشتا ماون، بۆهەموو لایەک ڕون بونەتەوە.
هەرچی نوێنەری یەکێتیی ئەوروپایە دەڵێت:"گەڕی ئەمجارە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوەو لایەنەکان لەهەموکات لەڕێککەوتنەوە نزیکترن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی".
ئینریک مۆرا نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا لەلێدوانێکیدا بەڕۆژنامەنووسانی وتوه، "گەڕی داهاتوو دوای گەڕانەوەی شاندەکان بەبیرۆکەو ڕێنمایی تازە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن گرێدەدرێت".
هەروەک جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەکیی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوەکردوه، هێشتا ئێرانو وڵاتە زلهێزەکان دەتوانن لەسەر زیندوکرنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ساڵی 2015 بگەنە ڕێکەوتن، بەڵام جەختیشیکردەوە، "کات بەرەو کۆتاییە".
و: ئاکۆ ئاڵی