مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌گۆى زه‌وى ده‌كات
چه‌ند وڵاتێك ناتوانرێت ژیانى تێدا بكرێت

جیهان

07/07/2021‌ 6656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كه‌ناڵى سى ئێن ئێنى ئه‌مریكى ڕاپۆرتێكى گرنگى له‌باره‌ى به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما ئاشكراكردوه‌و جه‌ختیكردۆته‌وه‌، کەنەداو ناوچەکانی تری نیوەگۆی باکور، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بەرەو ئەوەدەچن کە بەکەڵکی نیشتەجێبون‌و ژیان تێداکردن نەمێنن، وتوشیه‌تى:"ناوچەکانی تری جیهانیش لەشێوەی عێراق‌و هیندستان‌و ڕوسیا، گەرمی هاوشێوەیان بەخۆیانەوە بینیوە".

زاناکان پێشبینیدەکەن لەئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پلەکانی گەرمی نیوەگۆی زەوی بەشێوەیەکی بێپێشینە بەرزببنەوە، هەرئەمەش وایکردوە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، لەناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای ئەمریکاو ڕۆژئاوای کەنەدا پلەکانی گەرما بۆ 49.5 پلەی سەدی بەرزببنەوە کە بەهۆیەوە سەدان ئاگر لەدارستانەکان کەوتونەتەوەو دانیشتوانی ناوچەکەش ناچاربون ماڵ‌و حاڵیان بەجێبهێڵن.

لەماوەی ڕابردوشدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا داوایان لەدانیشتوانی شاری نیویۆرک کردوە کە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی وزەیەکی زۆریان پێویستە کەمبکەنەوە، تاوەکو بتوانرێت پەستان لەسەر تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا کەمبکرێتەوە.

لەوچوارچێوەیەدا، تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، کەنەداو ناوچەکانی تری نیوەگۆی باکور، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بەرەو ئەوەدەچن کە بەکەڵکی نیشتەجێبون‌و ژیان تێداکردن نەمێنن.

سی ئێن ئێن باسی لەوەشکردوە، ناوچەکانی تری جیهانیش لەشێوەی عێراق‌و هیندستان‌و ڕوسیا، گەرمی هاوشێوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

لەوبارەیەوە، لیز بنتڵی سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمەڵەی کەشناسی پاشایەتی لەبەریتانیا بەسی ئێن ئێنی وتوە، "ئەو پەستانە گەورەیەی ئێستا دەیبینین ئەنجامی ئەو تەوژمە خێرایەی بایە کە لەبەرزاییەکی زۆر گەورەوە ڕودەدەن".

بنتڵی ڕونیشیکرۆدتەوە، "لەتەوژمەکە ڕێگە لەسیستەمەکانی کەشوهەوا دەگرێت بەشێوەیەکی کارا بەدرێژایی ڕێڕەوە سروشتییەکەی لەڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات جوڵە بکات، ئەمەش وادەکات پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بێ پێشینە بەرزببنەوەو ژمارەی پێوانەیی بشکێنن، ئەویش بەچەند پلەیەکی کەم نا، بەڵکو بەئاستێکی بەرز".

هەروەک نیکۆس کریستیدیس پسپۆڕی کەشناسی لەنوسینگەی کەشناسی شاهانەیی لەبەریتانیا بەتۆڕە ئەمریکییەکەی وتوە، "ئەگەرهاتباو ئەو گۆڕانکارییەی بەهۆی دەستی مرۆڤەوە بەسەر کەشوهەودا هاتوە، ڕوینەدابا، ئەوە ئەو پلە گەرمیەی بەرزەی لەکەنەداو باکوری ڕۆژئاوای ئەمریکایە هەموو 10 هەزار ساڵێک جارێک ڕویدەدات، بەڵام لەئێستادا بەهەر 15 ساڵ جارێک ڕودەدات".

ئەو پسپۆڕەی بواری کەشناسی لەبەریتانیا هۆشداریداوە لەوەی، ئەگەربێت‌و قەتیسبونی گەرمی بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوە لەسەرەتای سەدەی داهاتوو، هەموو ساڵێک یان دوو ساڵ جارێک ئەو بەرزبونەوە ترسناکەی پلەکانی گەرمیی ڕودەدات.