هێرشەکانی سەر پایتەخت مەترسیە لەسەر هەرێم یان ئاگادارکردنەوەی هیزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە؟

کوردستان

07/07/2021‌ 1300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند جارێکە لە ڕێگەی موشەک و درۆنی تایبەتەوە هێرش دەکریتە سەر هەولێری پایەتەخت و فرۆکەخانەی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکە دەکرێنە ئامانجی سەرەکی.

  ئەم هیرشانە بۆ ولاتێکی وەک عێراق شتێکی نوێ نین، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت حاڵەتێکی نوێ و چاوەروان نەکراون و رەنگە دۆخێکی نوییان هێنابێتە ئاراوە.

لە ماوەکانی رابردودا چەند جارێک هێرشی موشەکی کرایە سەر چەند شوێنیكی جیاوازی هەولێری پایتەخت و شوێنی مەدەنی و ناوبازارەکانیش هاوشێوەی فرۆکەخانەو کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکە کەوتنە بەر هەرەشەی موشەکەکان و گروپەکانی پشت هێرشەکانەوە.

هەر جارەو دەستی تۆمەت بۆ یەکێک لە گروپەکانی نزیک لە حەشدی شەعبی درێژ دەکرێت و گروپێک یان بەرپرسیارێتی خۆی رادەگەیەنێت یان تۆمەتبار دەکرێت بە هێرشەکە، بەڵام ئەوەی رونە ئەوەیە هەموو ئەو هێرشانە لە یەک سەرچاوەوە دێن کە ئەویش حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە ئیرانە کە دەیانەوێت پەیامی ئەوە بدەنە ئەمریکا کە هیچ جیگەیەک بۆ تۆ ئارام نییە تا ئێمە لێرە هەبین.

حکومەتی هەرێم و هێزە سیاسیەکانیش بە سەرجەم جیاوازیەکانیانەوە جگە لە ئیدانەکردن و دەرکردنی بەیاننامەی نارەزایی، هیچ شتێکی تریان لە دەست نایەت و رەنگە ئەوە واقیعەکەش بێت و وەک چاودێران دەڵێن پێگەی هەریم هێندە لاوازە لە هاوکێشەکادا کە تەنها تەماشاکردنی بۆ دەمێنێتەوە.

دوای هێرش و تەقینەوەکانی سەر ڕێی پیرمام و نزیک لە ماڵی بارزانی، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان چونە ئێران و بە پێی زانیاریەکانی شارپرێس چونی شاندەکە پەیوەندی بە هەرەشەی گروپەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەبوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بە تایبەت، ئامانجی چونی شاندەکە بۆ ئەوە بوە بتوانن لەگەڵ ئێرانیەکان گفتوگۆ بکەن کە هەولێر نەبێتە بەشێک لەو یاریەی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانان لە عیراق دەیکات، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن شاندەکەی پارتی بە دەستی بەتاڵ و بێ هیچ ئەنجامێکی خوازراو گەراونەتەوە هەولێر و هەر دوای گەرانەوەشیان یەکێک لە سەرکردەکانی گروپی کەتائیبی سەید شوهەدا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە نزیکترین کاتدا چالاکییان دەبێت و هێرش دەکەنە سەر چەند پێگەیەک، ئەوەبوو دوای چەند کاتژمێریكی کەم لە هەرەشەکانی فەرماندەی گروپەکە، بە موشەک و درۆن هێرش کرایە سەر فرۆکەخانەی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شارەکە.

پێدەچێت ئەمە ئاماژەیەکی رون بێت بۆ ئەوەی کە شاندەکەی پارتی نەک نەگەشتونەتە هیچ ئەنجامێک لەگەڵ ئێران، بەڵکو لەوانەیە گفتوگۆکان بە جۆرێک بوبوێت کە بیخوازێت لە کەمترین کاتدا پەیامێکی موشەکی نوێ ئاراستەی هەولێر بکرێت کە وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ دبلۆماتکارانی ئەمریکا ناودەبرێت.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەگەر پەیوەندی راستەوخۆی بە هێرشەکانی سەر هەولێر و جموجوڵەکانی گروپە چەکدارەکانەوە نەبێت، ئەوا بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ پەیوەندارن پێکەوەو هەر شکستێک یان پلانێکی نوێی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە هۆی جموجوڵی گروپەکانی نزیک لە ئێران و دژ بە ئەمریکا لە عێراق.

ئەگەر لە ئەفغانستان تالیبان وەک بزوتنەوەیەکی جیهادی دەست بگرێتەوە بەسەر وڵاتدا ئەوا هیچ گومانێک ناهێلێتەوە کە لە عێراقیش هێزە چەکدارەکان و گروپەکانی نزیک لە ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخی وڵات و ناچارکردنی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەدەن بۆ چونە دەرەوە لە خاكی وڵاتەکە.

زۆربەی چاودێرانی شارەزا لە دۆخی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن مەترسیەکی جدی لەسەر ئارامی هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەت هەیە، بە جۆرێک کە هەرچەندە هەموو جارێک بەرپرسانی باڵا و دەزگا ئەمینەکانی هەرێم دەلێن بە زویی بکەرانی دیاریدەکرێن و بە سزا دەگەیەنرێن بەڵام جار دوای جار هێرشەکان گەورەتر دەبن و ئاراستەی شوێنی هەستیارتر دەکرێن و هیچیش دیار نییە بۆ دۆزینەوەو سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکان.

ئەمریکا جگە لە ئیدانەکردن و راگەیاندنێکی لاواز کە تەنها ئاماژە بە زەرەر و زیانەکان دەکات هیچ هەلوێستێکی فەرمی و دیاری توندی نییە بۆ رێگری لە هێرشەکان و پاراستنی هەرێمی کوردستان کە بوەتە لانەیەکی ئارام بۆ مانەوەی سەرباز و دبلۆماتکارانی وڵاتەکەی.

ئەم بێدەنگیەی ئەمریکاو هێرشە بەردەوامەکانی گروپەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هەرێم، پیدەچێت مەترسیەکی گەورەتر بێننە ئاراوە ئەگەر ئەمریکا نیازی کشانەوە لە عێراق بخاتە بەر باس و پلانی کاری خۆیەوە بە جۆرێک ئەو کات هیچ بستێکی خاکێ هەرێم پارێزراو نابێت لە هێرش و شەر و شۆر و داگیرکاریی لەلایەن هێزەکانی دژ بە ئەمریکاوە هاوشێوەی ئەوەی ئێستا تالیبان لە ئەفغانستان ئەنجامی دەدات دوای کشانەوەی ئەمریکا لە وڵاتەکە.