پرسى كورد له‌كۆنگرێسى ئه‌مریكا مشتومڕى نایه‌وه‌

کوردستان

22/07/2021‌ 6863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەكانى ده‌ره‌وه‌ى کۆنگرێسى ئه‌مریكا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تورکیا لەسەردەمی ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا دژایه‌تیه‌كانى ئه‌مریكاى زیادكردوه‌، ده‌شڵێت:"ئەوەندەی ڕوبەری وڵاتێکی وەک لوبنانی لەباکوری سوریا داگیرکردوەو هیچ گوێ به‌ هاوپه‌یمانه‌كانیشمان نادات"، هاوكات یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكاش بەکۆنگرێسی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، "ناکۆکییەکانی نێوان تورکیاو ئه‌مریكا سەبارەت بەپشتیوانیکردنی هەسەدە هێشتا بەردەوامن‌و نەگەیشتونەتە ڕێککەوتن".


ڤیکتۆریا نۆلاند یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا لەمیانی دانیشتنێکی گوێگرتن لەکۆنگرێسی ئەو وڵاتە باسی لەسروشتی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو وڵاته‌كه‌ى كرد له‌سه‌ر ئەو دۆسیانەی جێگای ناکۆکین لەنێوانیاندا.

لەکاتی کردنەوەی دانیشتنەکەی کۆنگرێسدا، سیناتۆر پۆب میناندیز سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەكانى ده‌ره‌وه‌ى کۆنگرێس وتی:"تورکیا لەسەردەمی ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندییەکانمان نییە، بۆیە دەبێت تورکیا ئاگاداربکرێتەوە بەوەی واشنتۆن لەو پەیوەندییە دورده‌کەوێتەوە".

وتیشى:"لەپرسی سوریادا ناکۆکی قوڵمان لەگەڵ تورکیادا هەیە، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە ئەوەندەی ڕوبەری وڵاتێکی وەک لوبنانی لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) داگیرکردوەو دانیشتوانە کوردەکەشی دەربەدەرکردوە، ئەویش دوای ئەوەی ڕوبەڕوی جۆرەها ئازارو ئەشکەنجەو پێشێلکاری‌و کۆچبەربونی زۆرەملێ بونەوە".

لای خۆیشییەوە، ڤیکتۆریا نۆلاند ڕایگەیاند، "ئیدارەی بایدن سورە لەسەرئەوەی بەردەوامبێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی ڕوسییەوە بەسەر تورکیادا سەپێنراون، ئەوە جگە لەهەڵپەساردنی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف-35 بەو وڵاتە".