کەجەکە: هیچ هێرشێکی تورکیا و سەرکووتکردنى گەلى کورد بێ وەڵام نامێنێتەوە

کوردستان

22/07/2021‌ 2105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنسەى بەڕێوەبەرى کەجەکە رایدەگەیەنێت کە هێرشەکان لە دژی کوردان لەلایەن ئاکەپەو مەهەپەوە ئەنجام دەدرێن و هێرشەکانیش بۆ سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد هەرگیز بەبێ وەڵام نابن.

لە راگەیەنراوێکدا کەجەکە رایگەیاند، تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەرەوپێش رۆیشت و لە کوردستان و تورکیا سەرهەڵدان زۆر بوون، لە شار و ناوچەکانی تورکیا هێرش لە دژی کوردان ئەنجام دەدرێت. سەدان رووداوی لەو شێوەیە هەیە و زۆرێک لەوانە بە شێوەی گەلەکۆمەکێ و بێکەس کوژکردن ئەنجامدراون. ئەو هێرشانە، کە دەبنە هۆی کوشتن و بریندارکردنی مرۆڤەکان، لەمدواییانەدا زیادیان کردووە.

ئاماژەى بەوەشکردوە، پێش جەژن و لە جەژندا رووداوی لەو شێوەیە لە ناکاو زیادیان کرد و ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە بە شێوەیەکی رێکخستنکراو ئەنجام دەدرێن. هێرشەکان کە بە کوشتننی دەنیز پۆیراز لە بارەگای هەدەپە لە ئیزمیر دەستیپێکرد،  بە بریندارکردن و کوشتنی مرۆڤەکان بەردەوامیی هەیە و روونیکردەوە، چەند رۆژ پێش جەژن لە ئافیۆن هێرشکرایە سەر بنەماڵەیەکی کورد و لێیاندان و گەلەکۆمەکییان لە ژنان – پیاوانی کورد کرد. لەو هێرشەدا مرۆڤەکان ئەشکەنجە دران و هەندێکیان بریندار بوون.

هەر پیش جەژن لەناوەندی ئەنقەرە جارێکیتر هێرشیان کردە سەر کوردان و ژمارەیەکی زۆر کوردیان بریندار کرد و دۆخی تەندروستیی دوو کەسیان قورس و ناجێگیرە. لە گوندێکی قۆنیا لە هێرشکێ تردا حەکیم داڵ لەلایەن دەیان هێرشبەری فاشیستەوە بە بەرچاوی خزمەکانیەوە کوژرا. هەر بە ماوەیەکی کورت پێش ئەوە لە قۆنیا جارێکیتر هێرشکرایە سەر بنەماڵەیەکی تری کورد و زۆر بە قورسی برینداریان کردن".

هەروەها کەجەکە روونیکردەوە، هێرش لە دژی کوردان لە شار و ناوچەکانی تورکیا پێوەندیی بە سیاسەتی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەەوە هەیە. ئەو کوردانەى داکۆکی لە کوردایەتی دەکەن و داوای ئازادی دەکەن، بە دوژمنیان لە قەڵەم دەدەن. هەدەپە، کە چارەسەریی دیموکراتیکی بۆ کێشەى کورد دەوێت، بە دوژمن لە قەڵمیانداوە و ناساندوویانە و بە بەردەوامی دەیکەنە ئامانج و هێرشیان دەکەنە سەر.

کەجەکە دەشڵێت، زۆر جار هەڕەشە لەو کوردانە کراوە، کە دەنگیان بە هەدەپە داوە، هەڕەشە لە هێزە دیموکراسییەکانی گەلانی تورکیا کراوە، هەر خۆی ئەوە روونە و دەزانرێت، دوژمنایەتی بەرامبەر بە پەکەکە و رێبەرایەتی، کە نزیکەى نیو سەدەیە بۆ ئازادیی گەلی کورد تێدەکۆشن، دوژمنایەتیکردنە بەرامبەر بە کوردان. رێبەر ئاپۆ لەبەر ئەوەى هۆشمەندیی ئازادیی بە گەلی کورد بەخشیووە، لە ژێر گوشار و گۆشەگیریی قورس دا راگیراوە.

لە راگەیەنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هەر کات هەڕەشە لە کوردان، لە هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان دەکات، هەندێک هەڵدەستن ئەو هەڕەشانە بۆ خۆیان بە ئەرک و فەرمان دەزانن و دەست بە هێرش دەکەن. ناوەندێکی شەڕی تایبەت هەیە، کە پلانەکانی سەرکەوتکردنی کوردان ئامادە دەکات، رێکیدەخات و فەرمانەکان دەردەکات. میت و مەهەپە ئەو هێزانەن، کە ئەو پلانسازییانەى شەڕی تایبەت جێبەجێ دەکەن. 

کەجەکە دەشلێت،  ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ گەلانی تورکیادا لە هەموو شوێنەکاندا بە برایانە بژین. ئێمە دوژمنایەتیی هیچ گەلێک ناکەین. کاتێک هێرشمان کرایە سەر، ئێمەش وەڵامیان دەدەینەوە. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە لە هەموو شوێنێکدا خۆ بە رێکخستنکردنی خۆمان گەش و بەهێز بکەین. خۆ بە رێکخستن کردن گەورەترین هێزی خۆپاراستنە. 

لە کۆتایشیدا کەجەکە جەختیکردوەتەوە کە ئەو هێرشانە بۆ پاکتاوکردنی کوردان هەرگیز بێ وڵاەم نابن، ئەو کەسانەى ئەو ھێرشانەیان رێکخستووە و ئەنجامیانداوە، بە دڵنیاییەوە دەبێت حسابی ئەو کارەیان بدەن. ئێمە داوا لە گەلی کورد دەکەین، کە لە دۆخی وەهادا یەکگرتوویی خۆیان بەهێز بکەن و بۆ کۆتایهێنان بەو هێرشانە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە هەموو شوێنێکدا گەشتر و بەهێزتر بکەن.

س.هـ