شارپرێس:
زانایانو پسپۆڕانی تەندروستیی دەڵێن، ئەوانەی بەهۆی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن سەر بەچینێکی دیاریکراونو خاڵێکی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە، ئەویش ئەوکەسانەن کە بەڤاکسینی کۆرۆنا خۆیان نەکوتاوە.
لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی شێوە گۆڕاوی دەلتا لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ژمارەی توشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆناو ئەوانەی داخڵی نەخۆشخانەکان دەکرێن ڕوی لەهەڵکشان کردوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی سی نێت (cnet)، بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی گشتیی دەڵێن، بەشی هەرە زۆری ئەوانەی بەهۆی توشبونیان بەڤایرۆسی کۆرۆنا دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەکانو ئەوانەی بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیان لەدەستدەدەن، ئەوکەسانەن کە ڤاکسینیان لەخۆیان نەداوە.
لەوبارەیەوە دکتۆرە ڕۆشڵ والینسکی بەڕێوەبەری ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانو خۆپاراستن لێی دەڵێت، "لەئێستادا 97%ی ئەوکەسانەی بەهۆی توشبون بەڤایرۆسی کۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانەکان دەکرێن ئەوکەسانەن کە بەڤاکسینی کۆرۆنا خۆیان نەکوتاوە".
وتوشیهتی:"ئەوە پەیامێکی ڕونە بەوەی ئەو نەخۆشییە بۆتە نەخۆشیی ئەوانەی خۆیان ناکوتن".
لەسەرەتای مانگی تەمموزیش، ئەنتۆنی فاوچی گەورە ڕاوێژکاری تەندروستیی کۆشکی سپی بەتۆڕی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی وتبوو، لە99.2%ی ئەوانەی بەهۆی کۆرۆناوه گیانلەدەستدەدەن ئەوکەسانەن کە نەکوتراون.
هەروەک بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "تەکساس تریبیۆن"، لەویلایەتی تەکساسی ئەمریکا، لە99.5%ی ئەوانەی لەنێوان مانگی شوبات بۆ مانگی تەمموز بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوکەسانە بون کە دژ بەڤایرۆسەکە کوتراون.
پسپۆڕانی تەندروستیی دەڵێن، "ئەوانەی خۆیان دەکوتن ڕەنگە توشی نەخۆشییەکە ببن، بەڵام بێئەوەی هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەربکەوێت، یان ڕەنگە نیشانەی زۆر سوکی نەخۆشییەکەیان لەسەر دەربکەوێت".
لەوبارەیەوە کریستین بانساگانی خانمە زانای بواری جیناتەکان لەکۆلێژی پزیشکی بایلۆر لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەڵێت، "دەبێت بەرپرسانی تەندروستیی بۆ خەڵکی ڕون بکەنەوە کە ڕۆڵی سەرەکی ڤاکسینەکان بریتییە لەسنوردارکردنی نیشانە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە، لەبەرئەوەی ئەستەمە کاریگەریی ڤاکسینەکان بگاتە ڕێژەی لە100%".
و: ئاکۆ ئاڵی