فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی باڵای یەکێتى دەرچوو

کوردستان

29/07/2021‌ 8999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەى فەرمانى دەستگیرکردن لەلایەن دادگاوە بۆ د. میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى دەرچوو هاوکات دادگا فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنورى گەرمیان کردو دوانیوڕۆی ئەمرۆش بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکە هێزێکی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵی ئەو دوو بەرپرسە.

بەشێک لە میدیاکانى نزیک لە بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى بڵاویانکردەوە، دوانیورۆی ئەمڕۆ بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە هێزێکی ئەمنى چوونەتە سەر ماڵی هەریەکە لە د. میران محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى و گۆران بەرزان بەرپرسى دەزگای زانیارى لە سنورى گەرمیان و دەستگیریان کردون.

بەڵام بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەكەوە دەستى کەوتووە، تائێستا د میران محەمەد دەستگیر نەکراوەو بڕیارە سبەینێ خۆی بچێتە بنكەی پۆلیس و خۆى رادەست بکات.

بەپێی زانیارییەکان لەو کاتەی کە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵی د. میران ناوبراو لە ماڵەوە نەبووە، بۆیە بریارە خۆى بچێتە بەردەم پۆلیس لەسەر ئەو سکاڵایانەى لەسەرى تۆمار کراوە.

ئەو میدیایانە ئاماژەیان بەوەشکردوە لە رۆژانى داهاتوودا فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرسى دیکەى یەکێتى دەردەچێت کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی کەسى و تایبەتى بەکارهێناوە.

ئەمڕۆ 29ى 7ى 2021 دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەسلێمانی، بڕیاریدا بەدەستگیركردنی د.میران محەمەد عەباس بەڕێوەبەری گشتیی پێشوی تەندروستیی سلێمانی، بەپێی مادەی 15 لەیاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لەدۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەی چەك‌و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران كە شیاوی خەرجكردن نەبوەو چەكی بازاڕ بوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، "كە بەنیوە قیمەت یان كەمتر لەقیمەتی خۆی كڕدراوەتەوەو دواتر بەنەقدی (نەختینە) خەرجكراوە، بەپشتگیریی تۆمەتباری ناوبراو".

هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا "بەپێی یاسا ئەمكارە بەتاوان هەژماردەكرێت‌و بەكارهێنانی دەسەڵات‌و پۆستە بۆ بەدەستهێنانی سودو بەرژەوەندیی نایاسایی (كسب غیر مشروع)".

لەلایەکى دیکەوە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ساڵێ ٢٠١٧ دۆسیەی (د.میران)م نارد بۆ داواکاری گشتی سلێمانی و پەیوەندی بە خەرجکردنی چەکی بانکی بوو.


ئاماژەى بەوەشکردوە، زیاتر لە ١٠٨ دۆسیەی گەندەڵیی بۆ داواکاری گشتى ناردوە، بەڵام دەپرسێت ئایا ھەموان دەستگیردەکرێن یان تەنیا (د.میران)؟