23 دەوڵەتی جیهان رووبەڕووی برسێتیی دەبنەوە

ئابوری

01/08/2021‌ 929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەردوو ڕێکخراوی خۆراک و کشتووکاڵی جیهانیی (فاو) و بەرنامەی خۆراکی جیهانیی هۆشداریانداوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی برسێتیی توند و نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە 23 دەوڵەتی جیهان، لەناویاندا سوریا.

 راپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە رۆژی هەینی دەرچووە پێشبینی کردووە کە ناکۆکی و ململانێ نێودەوڵەتییەکان و لێکەوتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و قەیرانی کەشوهەوا ببێتە هۆی بەرزبوونی ئاستی نەبوونی ئاسایشی خۆراک لە 23 دەوڵەتی جیهان لەماوەی چوار مانگی داهاتوودا.

بەپێی راپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوە ئەو 23 دەوڵەتەی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتیان لەسەرە بریتین لە: سوریا، لوبنان، یەمەن، سۆماڵ، سودان، باشووری سودان، ئەڤغانستان، ئەنگۆلا، ناوچەی ناوەراستی کەناری ئەفریقیا (بۆرکینا فاسۆ، مالی، نەیجەر)، کۆڵۆمبیا، کینیا، لیبریا، میانمار، نایجیریا، هایتی، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، کۆریای باکوور، سیرالیۆن، مەدەغەشقەر و مۆزەمبیق.

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە دیاردەی برسێتیی هەر تەنیا لەڕووی ژمارە و قەبارەوە زیادی نەکردووە، بەڵکو لەڕووی توندی و راددەی برسێتیشەوە گەورەتر بووە.

باس لەوەکراوە کە بەگشتیی 41 ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە بکەون ناو بازنەی برسێتیی و دۆخێکی هاوشێوەی قاتوقڕییەوە، ئەگەر بێت و هەوڵ نەدرێت هاوکاریی مرۆیی دەستبەجێیان پی بگەیەنرێت.

راپۆرتەکە دەڵێت: لەساڵی 2020 نزیکەی 155 ملیۆن کەس لە 55 دەوڵەتی جیهاندا  لەسەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە، کە ئەوەش بەراورد بە ساڵی پێشووتر 20 ملیۆن کەسی زیاتر بووە.

لەکۆتایی راپۆرتەکەیاندا هەردوو ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە ڕێکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ رزگارکردنی گیانی ملیۆنان کەس لەو 23 دەوڵەتە بگیرێتەبەر، جەختیشکراوەتەوە کە پێشکەشکردنی کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی بۆتە بابەتێکی زۆر گرنگ، بەتایبەت لە پێنج جێگا مەترسیی مردن بەهۆی برسێتییەوە لەئارادایە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی