حەشدی شەعبی هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکات

عیراق

01/08/2021‌ 562 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕێککەوتنی بەغدا و واشنتۆن بۆ گۆڕینی ئەرکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق بۆ بواری راوێژکاریی و سووربوونی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بەئێران بەوەی دەبێت تەواویی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق بکشێنەوە، لەئێستادا بەشێک لە گرووپەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی پەلاماردان و توندکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن.

لەوبارەیەوە کەتیبەکانی عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی کە بەشێکە پێکهاتەی ناسراو بە "هەماهەنگی بەرگری عێراقی" رایگەیاندووە کە هیچ ئاگربەستێکیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا نییە، بۆیە لەپەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بەردەوام دەبن.

سەعد سەعدی سەرکردە لە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: باسکردن لە بوونی ئاگربەست لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ناراستە، ئەو ئەنجامانەی لە گەڕی چوارەمی دانوستانە ستراتیژییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا بەدەستهاتوون، پەیوەندی بە حکومەتەکەی کازمی و ئیدارەی ئەمەریکاوە هەیە، بەڵام هێزەکانی بەرگری دان بە ئانجامی ئەو دانوستانانەدا نانێن و رەتیدەکەنەوە.

سەعدی ئەوەشی وتووە کە هێزەکانی بەرگری عێراقی بەهەموو هۆ و هۆکارێکی سەربازیی بەردەستیان بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هیزەکانی ئەمەریکا و پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانیان، وتوشیەتی: بەهیچ جۆرێکیش ئاگربەست لەگەڵ داگیرکەری ئەمەریکیدا رانایەگەیەنین.

هەر لەوچوارچێوەیەدا، هێزەکانی ناسراو بە هەماهەنگی بەرگری عێراقیی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە راگەیاند لە شەوی پێنجشەممەی رابردوو بە دوو مووشەکی کاتیۆشا کرایە سەر دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەناوچەی سەوز لەبەغدا.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی
https://aliraqnews.com/%d8%a7%d9%84%d8%ad%d8%b4%d8%af-%d8%a7%d9%84%d8%b4%d8%b9%d8%a8%d9%8a-%d9%8a%d8%a4%d9%83%d8%af-%d8%b9%d9%84%d9%89-%d9%85%d9%88%d8%a7%d8%b5%d9%84%d8%a9-%d8%a7%d8%b3%d8%aa%d9%87%d8%af%d8%a7%d9%81-%d8%a7/