قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا خەیاڵییە

هەمەڕەنگ

03/08/2021‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا قازانجی چارەگی دوەمی ئەمساڵیان ئاشکراده‌كه‌ن، به‌وپێیه‌ش قازانجێکی خەیاڵی‌و بێ پێشینەیان کردوە کە لەوەدا سودیان لەو گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە بینیوە کە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە بەسەر هەموو کەرتە ئابوورییەکانی جیهاندا هاتووە.

بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکان، تێکڕای قازانجی هەریەک لەکۆمپانیاکانی ئەلفابێت "(Alphabet)و ئەپڵ‌و مایکرۆسۆفت بریتی بوە لە56.8 ملیار دۆلار، ئەویش لەدوای دەرکردنی باج‌و خەراجەکان، هەرسێ کۆمپانیا لەنیوەی دوەمی ئەمساڵ نزیکەی بەبەهای 189.4 ملیار دۆلار فرۆشیان هەبوە کە ئەوە بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لە39% بەرزبۆتەوە.

هەرچی کۆمپانیای فەیسبوکە ئەوە پوختەی قازانجەکانی بەڕێژەی لە101% لەسەر بنەمای ساڵانە بەرزبۆتەوە، بەشێوەیەک بڕی قازانجی لەنیوەی دوەمی ئەمساڵ گەیشتۆتە 10.5 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا لەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردودا پوختەی قازانجەکانی بریتیبوو لە5.2 ملیار دۆلار، هەروەک ژمارەی بەشداربووانی فەیسبوک‌و ئەپەکانی تری سەر بەکۆمپانیای فەیسبوک گەیشتۆتە 3.51 ملیار کەس.

لای خۆیشییەوە کۆمپانیای ئەمازۆن ڕایگەیاندوە، لەهەمان ماوەدا بڕی 7.8 ملیار دۆلار قازانجی کردوە کە بەراورد بەنیوەی دوەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لە48% بەرزبۆتەوە، لەوەشدا سودی لەبازرگانیی ئەلیکترۆنیی‌و خزمەتگوزارییە کلاودییەکان وەگرتوە کە لەدوای هەڵگرتنی کۆتوبەندە تەندروستییەکان هێشتا نەیداوە لەکزیی.

و: ئاکۆ ئاڵی