پارتی مەترسی خۆی لە ڕۆیشتنی ئەمەریکا لە هەرێم و عێراق ئاشکرا دەکات

کوردستان

19/09/2021‌ 6981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کێشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لە عێڕاق لەکۆتایی ئەمساڵ، بەشێک لەلایەن عێراقیی و کوردییەکان ترسی خۆیان لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەربڕیوە.

سیروان بازرانی فەرماندەى هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخمور گوێر لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی فەڕەنسیی دەڵێت ترسی قوڵمان لەگەڕانەوەی داعش هەیە.

لەچاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامە فەڕەنسییەکە سیروان بارزانی داوای کردووە هێزەکانی ئەمەریکا بەتایبەتی هێزە شەڕکەرەکانیان لەعێراق بمێننەوە و لەو بەروارەی بۆ کشانەوەی تەواوەتیی هێزە شەرکەرەکانی ئەمەریکا کە 31 ی مانگی 12 ی ئەمساڵە نەکشێنەوە، سیروان بارزانی وتوشیەتی ترسیی قوڵمان لە گەڕانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەیە.

لۆمۆند لەسەر زاری سیروان بارزانییەوە بڵاویکردوەتەوە دەترسین ئەوەی لەدوای بڕیاری باراک ئۆباما لەساڵی 2011 بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق روویدا کە خۆی لە دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی عێراق بینییەوە، دووبارە ببێتەوە.

جەختیشی کردۆتەوە کە هێشتا عێراق پێویستی بە تەکنەلۆژیای هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە بەتایبەت فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کامێرای گەرمیی خوێنەوە هەیە، هەروەک چۆن مانەوەی ئەو هێزانە بۆ ورە و مۆراڵی دانیشتووانی عێراق گرنگە.

لۆمۆند ئاماژەی بەوەکردووە کە سەرکردە کوردەکان دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەڤغانستان یان ئەوەی لەساڵی 2014 لەعێراق روویدا و سوپای عێراق لەبەرانبەر داعش هەرەسیهێنا، بەدوور دەزانن، دەشڵێن دامەزراوەی سەربازیی عێراقیی لەبەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەزموونێکی گەورەی بەدەستهێناوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی